ڕۆیتەرز: ڕووسیا بنکە سەربازییەکانی لە لازقییە و تەرتووس چۆڵ ناکات
ڕووسیا هەندێک کەرەستە و ژمارەیەک ئەفسەری باڵای سووریا دەگوازێتەوە مۆسکۆ

چوار بەرپرسی ڕژێمی پێشووی سووریا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ڕووسیا هێزەکانی لە بەرەی پێشەوەی باکووری سووریا دەکشێنێتەوە، بەڵام لە هەردوو بنکە سەرەکییەکانیان لە سووریا ناکشێتەوە.
ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد و باوکی، حافز ئەسەد، هاوپەیمانی نزیکی مۆسکۆ بوون، هەروەها لە دوای شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، ڕووسیا هێزەکانی لەو وڵاتە بڵاو کردەوە و پشتیوانیی ڕژێمەکەی ئەسەدی دەکرد، کە ڕووسیا هێزەکانی لە هەردوو بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە لازقییە و دامەزراوەی دەریایی لە تەرتووس جێگیر کردووە.
سەرچاوە سەربازیی و ئەمنییەکانی ڕژێمی پێشووی سووریا، کە پەیوەندیان لەگەڵ ڕووسەکاندا هەیە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند "مۆسکۆ هێزەکانی و هەندێک لە چەکە قورسەکانی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای سووریا لە هێڵەکانی پێشەوەی باکووری سووریا دەکشێنێتەوە."
ئەو سەرچاوانە کە ناویان ئاشکرا نەکردووە، گوتیشیان "ڕووسیا هێزەکانی لە هەردوو بنکە سەرەکییەکەی لە سووریا نەکێشاوەتەوە، هیچ نیازێکی لەو شێوەیەی نییە."
ئەفسەرێکی باڵای سوپای پێشووی سووریا کە پەیوەندیی بە سوپای ڕووسیاوە هەیە، باسی لەوە کرد "ڕووسیا هەندێک کەرەستە و ژمارەیەک ئەفسەری باڵای سوپای سووریا دەگوازێتەوە بۆ مۆسکۆ."
بەرپرسێکی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "پرسی بوونی سەربازی ڕووسیا لە سووریا و ڕێککەوتنەکانی پێشووی نێوان حکوومەتی ئەسەد و مۆسکۆ گفتوگۆی لەسەر ناکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئێستادا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن نزیک بنکەکانی ڕووسیا لە لازقیە جێگیر کراون، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستەڕوو."
لەلایەکی دیکەوە کرێملن ڕایگەیاندووە "ڕووسیا لەگەڵ بەرپرسە نوێیەکانی سووریا سەبارەت بە بنکەکانیان، لە گفتوگۆدایە."