ئەمینداری حزبوڵلا: لەم قۆناغەدا ڕێگای هاوکاریی سەربازیمان لە سووریا لەدەست داوە

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، حزبوڵلا پێشبینی کردبوو کە ئیسرائیل لە هەر ساتێکدا بێت دەستدرێژیی دەکاتە سەر لوبنان، بەڵام ئێمە بە وردی کاتەکەمان نەدەزانی، بۆیە هێرشەکان لە مانگی ئەیلوولدا بوون و ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە پشتگیریی غەززەوە نەبوو، بەڵکو پڕۆژەی فراوانخوازی ئیسرائیل بوو.
ئاماژەی بەوەش کرد "ئیسرائیل توانی سەرکردەکانی حزبوڵلا لەوانە حەسەن نەسروڵلا بکوژێت، هەروەها تاوانی دڕندە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل بکات، بەڵام نەیتوانی بەرەی مقاوەمە بشکێنێت. چەکدارانی حزب توانیان ئازاری دوژمن بدەن و شەڕیان لەگەڵ بکەن و سەدان سەربازیشیان کوشت و بریندار کرد و نەیانهێشت ئیسرائیل بە ئامانجەکەی بگات."
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا گوتیشی: "سێ فاکتەری بەهێز مایەی سەرکەوتنمان بوو؛ یەکەمیان خۆڕاگریی چەکارانی بەرەی مقاوەمە، دووەمیان خوێنی چەکدارانەکانمان، فاکتەری سێیەم ئیدارەی سیاسی تەواو و کاریگەر."
هەروا گوتی: "حکوومەتی لوبنان و لیژنەی پەیوەندیدار بە ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەرپرسیارێتی ئەو پێشێلکارییانە لە ئەستۆ دەگرن کە ئیسرائیل دەیانکات."
قاسم جەختیشی کردەوە "لەوماوەیەدا بەرەی مقاوەمە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل، لە پێناو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە، ئارامیی گرتووە، ئەمەش بۆ ئاشکراکردنی دوژمن بووە".
قاسم، بەرنامەی کاری حزبەکەی بۆ ماوەی داهاتوو دیاری کرد، کە پێنج خاڵە و بریتین لە "جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە باشووری ڕووباری لیتانی، ئاوەدانکردنەوە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لوبنان؛ گفتوگۆی ئەرێنی لەسەر پرسە کێشەدارەکان و هەڵوێستی لوبنان سەبارەت بە داگیرکردنی خاکەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەروەها چۆن سوپای لوبنان بەهێز بکەین؟ ئەو ستراتیجیانە چین بۆ بەرگری لوبنان."
سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا، قاسم جەختی لەوە کردەوە "حزبوڵلا پاڵپشتی سووریای کردووە، چونکە ئەو لەگەڵ ئیسرائیل لە شەڕدایە و یارمەتیدەر بووە لە بەهێزکردنی تواناکانی چەکدارانی بەرەی مقاوەمە لەسەر خاکی خۆی و لوبنان و فەلەستین." ئاماژەی بەوەش کرد "حوکم لەسەر هێزە نوێیەکانی سووریا نادەین تەنیا کاتێک "سەقامگیر دەبن و هەڵوێستی ڕوونیان دەبێت."
هەروەها نەعیم قاسم گوتیشی: "لەم قۆناغەدا، حزبوڵلا ڕێگای دابینکردنی هاوکاریی سەربازیی لە ڕێگەی سووریاوە لەدەست داوە، بەڵام ئەم لەدەستدانە کاتییە، لەوانەیە لە پەنا ڕژێمی نوێدا، ڕێگاکە بەشێوەیەکی سروشتی بکرێتەوە، ئێمەش دەتوانین بەدوای ڕێگەی تردا بگەڕێین."
نەعیم قاسم گوتیشی "حزبوڵڵا لەم قۆناغەدا ڕێگای دابینکردنی هاوکاریی سەربازیی لە سووریا لەدەست داوە، بەڵام دەتوانین بەدوای ڕێگەیەکی دیکەدا بگەڕێین."
ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا، ئاماژەی بەوەش دا "نەرم و نیانی بەرەی مقاوەمە لە سنوورێکی دیاریکراودا ناوەستێت و توانای گۆڕینی شێوازەکانی هەیە بە ئامانجی دڵنیابوون لە بەردەوامییەکەی." دەشڵیت: "بەرەی مقاوەمە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی، دەبێت خۆی لەگەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێنێت. ئەوەی گرنگە بەردەوامبوونییەتی، هەروەها کاربکات بۆ چارەکردنی دابینکردنی پێداویستییەکانی بەچەند شێوازێک."
نەعیم قاسم ئەوەشی ئاشکرا کرد، "باوەڕمان بەوە نییە ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات کاریگەریی لەسەر لوبنان هەبێت، بەپێچەوانەوە دۆخی گشتیی ناوچەکە بەگشتی نیگەرانکەرە، هەروەها ئەمەریکا و ئیسرائیل زۆرێک لە ڕێگاکانی ناوچەکە کۆنترۆڵ دەکەن."