یەکەم قسەی مەسرور بارزانی لەگەڵ هەموو لایەنەکان، پێش پێکهێنانی حکومەت چی بووە؟

 K24 - هەولێر
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان باسی ئەو لایەنانە دەکات "کە لەنێو حکومەتن، کەچی تەنیا لە کاتی سەرکەوتنەکان لەگەڵیدان"، یەکەم قسەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ لایەنەکان ئاشکرا دەکات، ئەوکاتەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بووە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 دەڵێ "ئێمە باش تێدەگەین لە بابەتی 400 ملیارەکە و لە هەموو بابەتەکان پارتی دیموکراتی کوردستان کراوەتە ئامانج، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی پارتی قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە و بەسەر پەلامارەکاندا زاڵ بووە".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئومێد خۆشناو باس لە بەسیاسیکردنی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەگوتەی ئەو "بەئامانجکردنی حکومەت لەلایەن ئەوانەش کە لەنێو حکومەتن و بیانەوێت لەمپەر دروستبکەن، سەرکەوتوو نابێت... هەموو بابەتەکان لە کوردستان بەجۆرێک بەسیاسیکراون، پەتای کۆرۆنا کە هەموو جیهانی داگیرکردووە، تەنیا لە هەرێمی کوردستان بە سیاسی کراوە، لە وڵاتانی دیکە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە حکومەتی دیموکراسی و دیکتاتۆریش بەیەکەوە لە دژی وەستاون بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان لەو پەتایە دەربچن".

ئۆمێد خۆشناو وتەیەکی سەرۆکوەزیران بە بیر لایەنەکان دەهێنێتەوە، کە پێش ئەوەی حکومەت متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، چی بە سەرجەم لایەنەکان گوتووە، جەخت دەکاتەوە لەوەی "پێش پێکهێنانی حکومەت، بەڕێز سەرۆکوەزیرانی ئێستا، کە ئەوکاتە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بوو و ئێمە لە دیدارەکاندا لەگەڵ لایەنەکان لەگەڵی بەشداربووین، یەکەم قسەی لەگەڵ هەر حیزبێکی دەکرد، دەیگوت دەمانەوێت حکومەت، حکومەتی هەمووان بێت، کاندیدەکانتان پێشکەش بکەن، تاوەکو پێشکەشیان دەکەن، کاندید و راسپێردراوی ئێوەن، بەڵام لەو رۆژەی چووینە پەرلەمان و هەر وەزیرێک متمانەی بەدەستهێنا، ئەو وەزیرە وەزیری هیچ لایەنێک نابێت، دەبێتە وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە وای لێهاتووە ئێمە ئێستا وا وەڵام بدەینەوە و بڵێین وەزارەتی دارایی وەڵامی پرسی (400 ملیارەکەی) دایەوە، لە وەزیرەکەی گۆڕانە".

ئومێد خۆشناو لە گوتەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات "ئەو کەس و لایەنەی دەیەوێت حکومەت بشکێت، با ئازابێت خۆی لە حکومەت بکشێتەوە... بێ مۆرالییە بۆ هەر لایەنێک لە کەموکوڕییەکان خۆی بکشێنێتەوە و لە دەستکەوتەکانیش بڵێ ئەوە منم دەستکەوتی گەورەم بەدەستهێناوە"، کارگەی دروستکردنی ئۆکسجین لە سلێمانی بە نموونە دەهێنێتەوە و دەشڵێ "چەند رۆژێک بوو کێشەی هەبوو، گرفتەکەشی تەنیا ماددە نەبووە، بەڵکو ماددە بەشێکی گرفتەکە بووە، دوو سێ رۆژ لەمەوبەر، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پارەی پێویستی بۆ دابینکرد، کەچی ئێستا بڕۆ سەیرکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتەکان وا نیشاندەدرێت، کە حیزبێک ئەو کارەی کردووە!".

 

 

هـ.ر.