ڕووسیا ژمارەی دیپلۆماتەکانی لە سووریا کەم دەکاتەوە

دوای هەفتەیەک لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد مۆسکۆ ڕایگەیاند، بەشێک لە ستافی دیپلۆماسیی خۆی لە سووریا کەم دەکاتەوە.
بەشی بارودۆخی قەیران لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دوێنێ یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەم، ڕووسیا بەشێک لە ستافی نوێنەرایەتی دیپلۆماسیی خۆی لە دیمەشق بە فڕۆکەیەکی تایبەتی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا، لە بنکەی ئاسمانی حمێمیمەوە کشاندەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد "فڕۆکەکە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی ئەو دیپلۆماتانە بکات کە گەڕاونەتەوە."
ئیدارەی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە فڕۆکەکە ئەندامانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی بیلاڕووس و کۆریای باکوور و ئەبخازیا کە ناوچەیەکی دابڕاوە لە جۆرجیا و لەلایەن مۆسکۆوە پاڵپشتی دەکرێت، هەڵگرتبوو.
لە هەمان کاتیشدا پشتڕاستی کردەوە "باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە دیمەشق لە کارەکانی بەردەوامە."
گوتەبێژی کرێملین ڕۆژی چوارشەممە،12ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕایگەیاند "مۆسکۆ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا سەبارەت بە داهاتووی ئەو دوو بنکە سەربازییەی سووریا کە هێزەکانی ڕووسیایان تێدایە."
ڕووسیا، دوای ڕووخانی ڕژێم و هاتنی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو خاکی سووریا، مافی پەنابەری بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووتری سووریا و بنەماڵەکەی دا.