داعش سوودی لە کێشە سیاسییەکان وەرگرتووە بۆ زیادکردنەوەی چالاکییەکانی
K24 - هەولێر
چەکدارانی داعش لە عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەو شوێنانەی پێشتر داگیریان کردبوو، چالاکییەکانیان فراوانتر دەکەن.
یەکێک لەو هۆکارانەی بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق، رووداوەکانی دوای 16 ئۆکتۆبەر بوو كه وايانكرد داعش رۆژ بە رۆژ چالایکیەکانی فراوانتر بکات.
چاودێرێکی سیاسی دەڵێت ئەو هۆکارە سیاسییانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش، بە زیادەوە ماون و ئێستا داعش سوود لەو کێشە سیاسییانە وەردەگرێت، كه له عێراق هەن.
رێبین رەسوول، چاودێری سیاسی باس لەوە دەکات "داعش وەکو خودی خۆی کۆمەڵە چەکدارێک نین کە تێکشکێنرابن، بەڵکو بیرۆکە و هۆکارە... سەرهەڵدانی داعش زیادی کردووە نەک کەم، ئێمە دەبێت هۆکارە سیاسییەکان لەناوبەرین بۆ لەناوبردنی داعش".
هۆکارە سەربازی و جوگرافییەکانی سەرهەڵدانەوەى داعش زۆرن، بەتایبەتی لە سنووری نێوان عێراق و سووریا، نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و، کەمکردنەوەی چالاکییەکانی هاوپەیمانان دژی داعش، رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لەوەى داعش لە عێراق چالاکییەکانی زیاتر بکات.
محەمەد سابیر، پسپۆری سەربازی شیکردنەوە بۆ زیاتربوونی چالاکییەکانی داعش لە عێراق دەکات و، باس لەوە دەکات "هێزە عێراقییەکان ئێستا هەمەجۆرن، لە سوپای عێراق و هێزی حەشدی شەعبی فەرماندەی جۆراوجۆریان هەیە و هەریەکەیان لە لایەکەوە فەرمان وەردەگرن. ئێستاش وای دەبینم ئەو هەماهەنگییە لەنێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەوان و هەروەها هێزەکانی پێشمەرگە هەیە، کەمتر بووەتەوە".
داعش لە 9-6-2014 لەدوای شكستى سەربازیى سوپای عێراق و بەجێهێشتنی ئەو چەک و پێداویستییە سەربازییانەی لە موسڵ هەبوون، بەشێکی زۆری خاکی عێراقی داگیرکرد و جگە لە هۆکارە سەربازییەکان هۆکاری سیاسیش رێگەخۆشکەر بوون بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە دوای سێ ساڵ لە تێکشکانی. بارودۆخى ئەمنى عێراق وايكردووه تائێستاش داعش له بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراق بە چالاکی بمێنێتەوە و بەردەوام مایەی مەترسی بێت.
هـ.ر.