كەسێكی دیكە لە ھەولێر بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا
سێ تووشبووی دیكە باری تەندروستییان ناجێگیرە
K24 - ھەولێر
تووشبووێكی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەولێر گیانی لەدەستدا.
ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو تووشبووێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری شاری ھەولێر گیانی لەدەستدا".
سەعدی عەلی، سەرۆكی پەرستارانی نەخۆشخانەی رزگاری بە كوردستان24ی گوت: "ئەو تووشبووەی كۆرۆنا، كە شەوی رابردوو گیانی لەدەستدا ئافرەتێكی بە تەمەن بوو".
گوتیشی: "ئێستا نزیكەی 180 تووشبووی دیكە لە نەخۆشخانەی رزگاری ھەن، لەو ژمارەیەدا تەنھا سێ نەخۆش لەژێر چاودێری چڕدان و باری تەندروستیان ناجێگیرە".
د. سەعدی، ئاماژەی بەوەشكرد: "لە چەند رۆژی داھاتوودا دوایین پشكنین بۆ 20 تووشبووی دیكە دەكرێت، ئەگەر ئەنجامی پشكنینەكەیان نێگەتیڤ بێت رەوانەی ماڵەوەیان دەكەینەوە".
ھەر لەبارەی تەندروستی تووشبووانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری، د. بۆتان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری بە كوردستان24ی راگەیاند: "رۆژانە ژمارەی نەخۆشەكان لە نەخۆشخانەكەمان زیاد دەكات، ئێستا 6 نەخۆشمان لەژێر چاودێری چڕدان، زۆربەیان بە تەمەنن".