کەرکووک.. دوو هاووڵاتی بەهۆی غازەوە خنکان

دوو هاووڵاتیی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاردێیەکی سەر بە کەرکووک، بەهۆی لێچوونی غازەوە خنکان، یەکێ لە کەسوکاریان بە کوردستان24ـی گوت: تەرمەکان ئێستا لە پزیشکی دادە لە شاری کەرکووک و دوای تەوابوونی ڕێکارەکان دەنێردرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
ئەمڕۆ هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، ڕایگەیاند: دوو هاووڵاتیی کە خەڵکی شاری کۆبانێن لە ڕۆژئاوای کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە هاتوونەتە پارێزگای کەرکووک بە دیاریکراوی لە شارەدێی تازەی سەر بە پارێزگاکە نیشتەجێن، هەردووکیان بەهۆی لێچوونی غازەوە گیانیان لەدەست دا.
یەکێك لە کەسوکاری قوربانییان بە کوردستا24ـی گوت: ئەو دوو کەسە یەکیان ناوی بەشار مستەفا شەریفە و تەمەنی 26 ساڵە، ئەوی دەیکەیان ناوی عەبدولسەلام ئیبراهیمە و تەمەنی 33 ساڵە.
ناوبراو باسی لەوە کرد: ئەو دوو کەسە کاری پاککردنەوەی بیری ماڵانیان دەکرد، دوای ئەوەی کارەکەیان لە ماڵێک تەواو دەکەن لەنێو خێمەیەک دەمێننەوە و دەخەون و زۆپایەکی غاز بە داگیرساوی جێدەهێڵن بە مەبەستی گەرمکردنی نێو خێوهکە، بەڵام دواتر ئاگرەکە کوژاوتەوە و غازەکە لەنێو خێوهتهكه بڵاو بووەتە، ئەو دوو کەسەش لە ئەنجامی لێچوونی غازەکەوە خنکان.
بە پێی زانیارییەکان، ئێستا تەرمی دوو هاووڵاتییەکە لە پزیشکی دادە لە شاری کەرکووک، دواتر ئەنجامی توێکارییەکە بۆ بەغدا دەنێردرێت و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانیش تەرمەکان دەنێردرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.