ئێران: کارمەندێکی باڵیۆزخانەکەمان لە دیمەشق کوژرا
کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق بە دەستڕێژی گوللە کوژرا. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرپرسیارییەتی دەستگیرکردنی بکوژەکە و دادگاییکردنی دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی نوێی سووریا.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو، 15-12-2024، بە دەستڕیژی گوللە هێرش کرایە سەر کارمەندێکی باڵیۆزخانەکەمان لە دیمەشق، بە ناوی "داوود بیتەرەف" و کوژرا."
لەبارەی چۆنییەتی کوژرانی کارمەندەکەیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونی کردووەتەوە "کاتێک کارمەندەکەمان بە ئۆتۆمبێل بەرەو باڵیۆزخانەکەمان لە دیمەشق ڕۆیشتووە، ژمارەیەک چەکدار لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا دەستڕێژی گولـلـەیان لێ کردووە و کوشتوویانە."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، حکوومەتی کاتیی سووریای بە بەرپرس لە دۆزینەوەی "بکوژ و دادگایی کردنی" دەزانێت و دەڵێت: "لە ڕێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانمانەوە بەوپەڕی گرنگییەوە چاودێریی دۆسیەی کوژرانی کارمەندەکەمان دەکەین."