عێراق و عومان چەند یاداشتێکی لێکگەیشتنیان ئیمزا کرد

یەکشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیمزاکردنی چەند یاداشتێکی لێکگەیشتنیان لەگەڵ بەدر بن حەمەد، هاوتا عومانییەکەی ڕاگەیاند.

فوئاد حوسێن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕایگەیاند "پەیوەندییەکانی عێراق و عومان، پەیوەندییەکی مێژوویی و برایانە و بەهێزە، ئێمەش پەرۆشی ئەو بەردەوامیەین."

ئاماژەی بەوەش کرد "ماوەی چەندین ساڵە، ئەمە یەکەم جارە لیژنەی هاوبەش لەم ئاستەدا کۆببێتەوە، و کۆمەڵێک یاداشتنامەی لێکگەیشتنمان ئیمزا کرد و لەداهاتووش کۆمەڵێک یاداشتی دیکە دەربارەی باج و لایەنی گەشتیاری و سیاسیی ئیمزا دەکەین."

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "ئێمە لە کۆبوونەوەکەی نێوانمان، دەستمان خستە سەر چەند پرسێکی سیاسی، لەوانەش پرسی فەڵەستین، کە پەرۆشین بۆ ئاگربەست، هەروەها پێویستی هاوکاریی مرۆیی ڕەوانەی غەززە بکەین."

فوئاد حوسێن گوتی: "پرسی سووریا تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو." دەشڵێت: "بەداخەوە کۆنترۆڵی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سووریا فراوانتر بوونە و چەکدارانی داعش کاریگەریی خۆیان لەوێ فراوانتر کردووە."

لای خۆیەوە، بەدر بن حەمەد، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عومان ڕایگەیاند " دڵخۆشین کە لەم وڵاتە گەورەیەدا ئامادەین و ئەم پەیوەندیانە بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی و هاوبەشی زیاتر بە ئامانجی ڕێککەوتنەکان بەردەوام دەبێت."

بن حەمەد جەختیشی کردەوە "هاوکاریی لە نێوان ئێمە و عێراقدا سەبارەت بە گەشتوگوزار و بانکی و کەرتی گشتی و تایبەت هەیە؛ زۆر خۆشحاڵم بە ئیمزاکردنی یاداشتی لێکگەیشتن و چاوەڕێی زیاتریشم."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment