پۆلیسی هەولێر دوو تیکتۆکچی دەستگیر کرد

پۆلیسی هەولێر
پۆلیسی هەولێر

پۆلیسی هەولێر دوو تیکتۆکچی، بە تۆمەتی سوکایەتی و قسەی نەشیاو و جنێودان بە خەڵکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک دەستگیر کرد.

یەکشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: دوو تۆمەتباری بە ناوەکانی (ز. ئ. ح) و (ھ. ئ.ح) دەستگیر کردووە، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تیکتۆک) سوکایەتی و قسەی نەشیاو و جنێویان بە خەڵک دابوو، هەروەها ناوی چەندین هاووڵاتییان زڕاندبوو.

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە: تۆمەتبارانی ناوبراو، برای یەکترن و خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێرن، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە درانە دادگا و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.

پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە، هەر کەسێک تاوانی هاوشێوە ئەنجام بدات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خراپ بەکار بهێنێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت و ڕادەستی دادگا دەکرێت.