ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان بۆ بەشێک لە ئایفۆنەکان زیاد کرا

لە کۆتاییدا ئیمۆجی ئاڵای کوردستان زیاد کرا، بەڵام ئەو بابەتە بەڵامێکی دەوێت، چونکە هەموو کەسێك ناتوانێت بەکاری بهێنێت وە هەموو کەسێك دەستی پێ ناگات بەڵام ڕێگایەک هەیە هەموو کەسێک بتوانێت دەستی پێ بگات، چونکە ئاڵاکە دەبێت لەڕێگەی ژیریی دەستکردی ئەپڵەوە لەسەر ئایفۆن پازدە و شازدە زیاد بکرێت، کارەکە چۆن دەکرێت؟ 

ئاڵای کوردستان ئێستا لە رێگەی ژیریی دەستکردی ئەپڵەوە دەتواندرێت دروست بکرێت، ئێستا ئەپڵ ئیمۆجی AI زیاد کردووە، گەر مۆبایلەکانی ئایفۆن پازدە پڕۆ و پڕۆ ماکس، زنجیرەی شازدەت هەبێت، دوا ئەپدەیت بن، دەتوانیت لە شوێنی ئیمۆجی جێن مۆجی بەکار بهێنیت، دەتوانیت بە ژیریی دەستکرد ئیمۆجی نوێ دروست بکەیت، گەر بە ئینگلیزی بنووسیت Kurdistan ئاڵای کوردستان بە ئیمۆجی نیشان دەدات، دواتر ئیمۆجییەکە وەکو ستیکەر دەتواندرێت بەکار بهێنرێت بۆ هەر کەسێک بینێریت ئەو کەسەش دەتوانێت لە چات بیهێڵتەوە و بە ئارەزووی خۆی بەکاری بهێنێت گەر ئایفۆنیشی نەبێت.

دوای ناردنی ئیمۆجییەکە، ئیمۆجی ئاڵای کوردستان لەناو مۆبایلەکەت زەخیرە دەبێت، لەمەودوا هەر بنووسیت کوردستان ئاڵای کوردستانەکەت بۆ زیاد دەبێت.

 هەرچەندە ئەم کارە سنووردارە، بەڵام چەندە خەڵکی بەکاری بهێنن باشترە، تاوەکو کۆمپانیاکان بزانن ئیمۆجی ئاڵای کوردستان خواستێکی زۆری لەسەرە بتوانن بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە ئیمۆجییەکان لەسەر هەموو مۆبایلێک زیادی بکەن.