وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: سەری حووسییەکان پان دەکەینەوە

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەی لە حووسییەکان کرد بە "لێدانی یەکلاکەرەوە سەریان پان دەکەینەوە"، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ درۆنێک، کە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابوو، لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە تێک شکێنرا.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا درۆنەکە پێش ئەوەی بگاتە ئاسمانی ئیسرائیلەوە تێک شکێنراوە.

هێرشەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان سەر بە ئێران زیادی کردووە، ڕۆژی شەممەی ڕابووردو  مووشەکێکی بالیستییان گرتە یافا لە ئیسرائیل و لە ئەنجامدا 16 کەسی بریندار کرد.

کاتز گوتیشی: "ئێمە بە توندی لە حووسییەکان دەدەین، ژێرخانی ستراتیجییان لەناو دەبەین و سەرکردایەتییان لەناو دەبەین، وەک چۆن لەگەڵ هەنییە، سنوار و نەسروڵلای سەر بە تاران، غەززە و لوبنان کردمان و هەمان شت لە حودەیدە و سەنعاش دەکەین."

ئەمە یەکەم جارە کە بەرپرسێکی ئیسرائیلی باس لە لەناوبردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس دەکات، کە لە تاران کوژرا.

ئاماژەی بەوەش کردووە "وەک چۆن حووسییەکان مووشەک دەگرنە ئیسرائیل، دەمەوێت هەر لەسەرەتاوە پەیامێکی ڕوونیان بۆ بنێرم، وەک چۆن حەماسمان تێک شکاند، حزبوڵڵامان تێک شکاند، سیستەمی بەرگریی ئێرانمان لەناو برد، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی ئێرانمان تێک شاند و ڕژێمی ئەسەدمان لە سووریا ڕووخاند، ئاوا ئەوانیش لەناو دەبەین."

گوتیشی: "گورزی توندمان لە میحوەرە خراپەکان داوە، گورزێکی یەکلاکەرەوەش لە ڕێکخراوی تیرۆریستی حووسی لە یەمەن دەدەین، کە دوا ڕێکخراوی تیرۆریستییە لە ناوچەکەدا ماوەتەوە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment