بیل کلینتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە نەخۆشخانەیە

ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی ئەمڕۆ 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، بڵاوی کردووەتەوە، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، بیل کلینتۆن ڕایگەیاندووە، بیل کلینتۆن (78 ساڵ) بۆ پشکنینی پزیشکی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی زانکۆی جۆرج تاون لە واشنتنی پایتەخت.
گوتەبێژێک بە ناوی کلینتۆنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی: "سەرۆک کلینۆن، بۆ چاودێری و پشکنین گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی جۆرج تاون؛ ئەو ورەی بەرزە و لەوەی زۆر بەباشیی چاودێریی دەکرێت، سوپاسگوزارە"
کلینتۆن، سەر بە پارتی دیموکراتەکانە و دوو جار، لە ساڵی 1993 تا 2001، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە. هاوینی ڕابردوو لە کۆنگرەی نیشتمانیی حزبەکەی (DNC) لە شیکاگۆ وتاری دا. لەو ڕۆژەدا کلینتۆن، سەرباری تەمەنی، بە دەنگە زوڵاڵ و گڕەکەی بووە مایەی سەرسووڕمانی لایەنگرانی. 
42مین سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا، پشتیوانیی لە کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان کرد. بەڵام ئەمجارەیان دەنگی گڕ و ناڕوون بوو. هەرچەند کلینتۆن ئەوپەڕی توانای خۆی بۆ پشتیوانیی هاریس خستبووە گەڕ، بەڵام ئامادەبووان زیاتر بایەخیان بە ئاستی دەنگی دەدا نەک بە قسەکانی! دواتر دەرکەوت کە کلینتۆن تووشی  پەتای کۆڤید بووە.
ساڵی 2004 نەشتەرگەرییەکەی گەورەی بۆ کرا، پاش ئەوەی ماوەیەکی زۆر ئازاری سنگ و تەنگەنەفەسی هەبوو. 
دواتر، لە ساڵانی 2005 و 2010 نەشتەرگەریی سی و خوێنبەری سەرەکیی دڵی بۆ کرا.
ساڵی 2021 سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، جارێکی دیکە بۆ چارەی پەتایەکی نادیار، شەش ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی کالیفۆرنیا خەوێنرا.
بە گوێرەی ئەو قسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێن، نەخۆشییەکەی ئەمجارەی کلینتۆن پەیوەستە بە تەمەن و ماندووبوونییەوە.