توکتوکەکان دانیشتووانی بەسرەیان هەراسان کردووە
زۆربوونی ژمارەی توكتوك له به‌سره، دانیشتووانی شارەکەی هه‌راسان كردووه و گلەیی ئەوە دەکەن، جیا له‌وه‌ی سیمای شاره‌كه‌یان شێواندووه، بە دیارده‌یه‌كی ناشارستانیشی ناو دەبەن.
دانیشتووانی به‌سره گله‌یی له زۆربوونی ژماره‌ی توكتوكەکان ده‌كه‌ن، كه هه‌موو شه‌قامه‌كانی شاره‌کەیانی ته‌نیوه و ڕەخنەش لە بێدەنگی حکوومەت دەگرن، بەهۆی ئەوەی زۆربەی توكتوكەکان تابلۆن و شۆفێرەکانیشیان بێ مۆڵه‌تن.
ئیهاب نه‌جم کە دانیشتووێکی بەسرەیە بۆ کوردستان24 گوتی:"به‌داخه‌وه توكتوك بووه‌ته دیارده‌یه‌كی ناشارستانی و به‌ربڵاو له شه‌قامه‌كانی به‌سره، وێڕای ئه‌وه‌ی لایه‌نه ئه‌منییه‌كان چه‌ندینجار ئاگاداركردنه‌وه‌یان داوه، به‌ڵام من پێموایه خودی هێزه ئه‌منییه‌كانیش ناتوانن سنوورێكیان بۆ دابنێن؛ هه‌روه‌ها لە شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان بوونەتە مەترسی، دواتر بینینی ئه‌و دیارده‌یه له شارێكی مێژوویی وه‌ك به‌سره دیاردەیەکی دزێوە.
ئەو هاووڵاتییە داوا دەکات، ئەو ڕێوشوێنەی بەرانبەر بە توکتوکەکان لە کەربەلا گیراوەتەبەر، گرنگە لە بەسرەش هەمان ڕێوشوێن بگیرێتەربەر بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی جەنجالی و دیارەکە بکرێت.
وەک ئەوەی کوردستان24 لە بەسرە بەدواداچوونی بۆ دۆخەکە کردووە، زۆربەی رووداوه‌كانی هاتوچۆ لە سەنتەری شاری بەسرە بەهۆی توكتوكانه‌یه‌وە.
هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی بەسرە بەناوی مسته‌فا ئه‌حمه‌د بۆ کوردستان24 گوتی:"توکتوکەکان لە هیچ ڕێگە و شوێنێکی گشتی گوێ بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ نادەن، ڕەمەکیانە لێدەخوڕن و کارەسات دروست دەکەن، ڕاسته هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌میشه به‌دوایانه‌وه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه چاره‌سه‌ر نییه و ده‌بێت ڕێگری له هاورده‌كردنیان بكرێت، چونکە هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی بۆ ژیان و گیانی شۆفێر و سەرنشینەکانی دیکەش هەیە، هەربۆیە داوا له لایه‌نه پەیوەندیدار و به‌رپرسه‌كان ده‌كه‌ین سنوورێكیان بۆ دابنێن".
له‌كاتێكدا ئه‌و به‌ربڵاوییه هه‌ڕه‌مه‌كییه بووه‌ته دیارده‌یه‌كی ناشارستانی، له‌هه‌مان كاتدا مه‌تریسی گه‌وره‌شیان له شه‌قامه خێرا و سه‌ره‌كییه‌كانیش دروست كردووه، به‌تایبه‌ت كه به‌سره خۆی شارێكی جه‌نجاڵه، بەڵام زۆربه‌ی جار پۆلیسی هاتوچۆش چاوپۆشی له سه‌رپێچییه‌كانیان ده‌كه‌ن.
عه‌قیل فرێجی، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئه‌منی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌سره بۆ کوردستان24 گوتی:"ئه‌و بابه‌ته کەمێک هه‌ستیاره و هه‌میشه به هاوسه‌نگییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، هه‌رشتێك په‌یوه‌ندیی به بژێوی هاووڵاتییانه‌وه هه‌بێت، فه‌رامۆشی ناكه‌ین، به‌ڵام به‌هاوسه‌نگییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بینه هۆكاری بڕینی قوتی خه‌ڵك، ئه‌و توكتوكانه به‌لای كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقه‌وه شتێكی نوێیه، له زۆرێك له شوێنه‌كانی سه‌نته‌ری شار قه‌ده‌غه‌یه و ڕێكاری تایبه‌ت بەرانبەر دەگیرێتەبەر، هه‌ندێك رێنمایی له پارێزگاری به‌سره و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆوه ده‌ركراون، بۆ ئه‌وه‌ی جووڵه‌ی توكتوكه‌كان سنووردار بكرێن، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا دەبێت بژێوی هاووڵاتیان له‌به‌رچاو بگیرێت، چونكه به‌شێكیان بژێویان له‌سه‌ر ئه‌و توكتوكانه‌یه".
هه‌رچی حكوومه‌تی خۆجێییه، كاتێك لەگەڵیان باسی ئه‌و بابه‌ته ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه وایه كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌م كێشه‌یه‌وه نه‌بێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه کەمی نرخ و نەبوونی گرفتی بێ مۆڵەتی، خەڵکێکی زۆر ڕوو لە کڕین و لێخوڕینی بکەن وەک هۆکارێکی ئاسانی هاتوچۆ، بێ ئەوەی بەراوردێک لە نێوان سەلامەتی و کەمبوونەوەی قەرەباڵغی شەقامەکان بکرێت.