دانیشتووانی کۆبانێ بێ ئاو و کارەبا بوون

بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکان و بۆمبارانەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، شاری کۆبانێ و دەیان گوندی دەوروبەری بێ کارەبا و ئاو بوون و دۆخێکی سەخت دەگوزەرێنن.

مەسعود بۆزی، بەڕێوبەری ئاوی کۆبانێ دەڵێ: بەهۆی هێرشی چەکداران بۆ سەر بەنداوی تشرینی زیان بەر وێستگەی پاڵاوتن و ناردنی ئاوی پاک کەوتووە و بەهۆیەوە هاووڵاتییانی تووشی دۆخێکی سەخت کەمی ئاوی بوونەتەوە.

هەروەها ئاماژەشیداوە، هەموو هەوڵێکیان خستووەتەکار بۆ ئەوەی بتوانن لە بیرەکانەوە ئاوی پاک و خواردنەوە بگەیەننە دانیشتووانی کۆبانێ و ئاواییەکانی دەوروبەری، بەڵام بەهۆی فراوانی سنوورەکە و زۆری ژمارەی دانیشتووانەکەی، کارێکی قورسە بتوانن هەروا ئاسان ئاوی پێویست دابین بکەن.

لە بارەی کەمی کارەباوە ئایشە ناسر، سەرۆکی دەستەی وزەی کۆبانی دەڵێ: بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی نزیک بەندای تشرین، زیان بەر ئامێر و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووە، لەلایەک بەهۆی کەمی پێداویستییەکان و لەلاکەی دیکەش بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕ، ناردنی تیمی تەکنیکی بۆ بەنداوەکە قورسە، بۆیە چاککردنەوە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دوا دەکەوێت.

دانیشتووانی کۆبانێ لەگەڵ ئەوەی کێشەی کەمی سووتەمەنیان هەیە، بەڵام هەوڵدەدەن لە ڕێگەی مۆلیدەی ماڵان و ئامێری دیکەوە ڕووناکی بۆ ماڵەکانیان بگەڕێنەوە و بۆ دەستکەوتنی ئاوی پاکیش ڕوو لە بیرەکان دەکەن.

چەند ڕۆژێکە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات بەردەوامە و دوای ئەوەی شەوی دووشەممە، گوندەکانی قیزعەلی لە دەشتاییەکانی ڕۆژئاوای شارۆچکەی گرێ سپی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بە چڕی بۆمباران کران، فەرماندەیی هێزەکانی هەسەدە دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند، توانیویانە بەنداوی تشرین و چەند گوندێکی دەوروبەری کۆنترۆڵ بکەنەوە.

بە گوێرەی ئامارەکان نزیکەی 20 هەزار کەس لە سەنتەری کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری تووشی بێ ئاوی و کارەبا بوونەتەوە، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و سوپای تورکیا.

 
 
Fly Erbil Advertisment