وەزارەتی تەندروستی: ئەم دۆخە بەردەوام بێت لە رۆژە ناخۆشەكان نزیك دەبینەوە

"نزیكەی 10 تووشبوو باری تەندروستیان ناجێگیرە"

K24 - ھەولێر

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و گیان لەدەستدان لە ھەڵكشاندایە "ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، لە رۆژە ناخۆشەكان نزیك دەبینەوە"، داواش لە ھاووڵاتییان دەكات پێویستە تاكپارێزی بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن.

د. محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "بەداخەوە ژمارەی تووشبووان و مردوان لە ھەرێمی كوردستان روو لە زیادبوون دەكات، ئێستا لە ھەمووكات زیاتر جەخت لە تاكپارێزی دەكرێتەوە، مەودای نێوان ھاووڵاتییان كاریگەرترین رێگایە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان لە نێو قەرەباڵغی دەمامك بەكاربێنن و بەردەوام دەستەكانیان بشۆن یان دەستكێش بەكاربھێنن، ئەمانە نوێترین رێنمایی تەندروستی جیھانیین، ئەگەر ئەم رێنماییانە جێبەجێ نەكرێن حكومەت ناتوانێت بە تەنیا رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە بكات".

گوتیشی: "ئێمە لە یەكەم رۆژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەوە مەترسی ئەوەمان ھەیە كە نەخۆشخانەكان پڕبن و وپێداویستییەكانی خۆپارێزی و ئۆكسجین نەمێنێ و كارمەندەكانمان ماندوشەكەت بن، بەداخەوە ئەگەر دۆخەكە وابڕوات لەم رۆژە ناخۆشانە نزیك دەبینەوە. لەوكاتەدا ناچارین نەخۆشخانە و شوێنەكانی دیكە بۆ تووشبووان تەرخان بكەین، باشترین شت بۆ ئەوەی بەم رۆژە نەگەین ئەوەیە ھاووڵاتییان گرنگی بە خۆپارێزی بدەن".

لەبارەی رەوشی تووشبووان، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەدا: "لە ھەولێر و سلێمانی حاڵەتمان ھەیە باری تەندروستییان ناجێگیرە، كە نزیكەی 10 تووشبوون پێویستیان بە چاودێری ورد و ھەناسەی دەستكرد ھەیە، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین تووشبووانەی ئەم دوایە زۆربەیان نیشانەیان ھەیە، كە ئەمە وادەكات پەتاكە زیاتر لەناو كۆمەڵگە بڵاوبێتەوە".