ته‌رمی مردووان له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌یەکی به‌غدا كه‌وتوون و شوێن نه‌ماوه هه‌ڵیانگرن
به ڤیدیۆ.. له 24 كاتژمێری رابردوو 50 كه‌س له عێراق به كۆرۆنا مردوون
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی، ته‌رمی مردووان به كۆرۆنا له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی کندی به‌غدا كه‌وتوون و له‌ناو ساردكه‌ره‌وه‌كان شوێن نه‌ماوه هه‌ڵیگرن.
وه‌ك ده‌ریشده‌كه‌وێت ژماره‌یه‌كی زۆر ته‌رم كه‌وتوون و هێشتا شوێنیان نییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبگیرێن و تیمی تایبه‌ت ئه‌سپارده‌ی خاكیان بكه‌ن.
به گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كان، له دوێنێوه تیمه‌كانی به‌خاكسپاردن زیاتر له 50 ته‌رمیان به خاك سپاردووه، كه به‌هۆی كۆرۆنا، مردوون.
ئه‌و كه‌سه‌ی گرته ڤیدیۆییه‌كه‌ی تۆماركردووه، كه‌سوكاری یه‌كێك له‌وانه‌یه كه به كۆرۆنا مردووه و به گریانه‌وه هاوار ده‌كات، كه ئه‌و هه‌موو ته‌رمه له شوێنه‌كه كه‌ڵه‌كه بووه، كه‌چی هیچ شوێنێك نییه تێیدا هه‌ڵگیرێن و ئۆتۆمبێلی تایبه‌تیش نییه بیانگوازنه‌وه.
ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له عێراق گه‌یشتووه‌ته 21 هه‌زار و 315 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش 9 هه‌زار و 271 كه‌س چاكبوونه‌ته‌وه، 652 كه‌سیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه گیانیان له‌ده‌ستداوه.