پسپۆڕان: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان نییە

"سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ژێر فشاری حزبه‌كه‌ی بڕیاری داوه پارێزبه‌ندی بۆ سۆران عومه‌ر بگه‌ڕێنێته‌وه"‌

K24- هه‌ولێر:

پسپۆرانی دەستوری و په‌رله‌مانتارانی خوله‌كانی پێشووی پەرلەمان رایدەگەیەنن، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لە دەستەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان نیە و هیچ دەقێکی یاسای و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش رێگە نادات سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.

ناسح غه‌فور، ئەندامی ئەندامێکی خولی یەکەم و دووەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: سەرۆکی پەرلەمان لە ژێر فشار ئەم بڕیارەی داوە، بڕیارەکەشی نایاسایيە و کاری پێ ناکرێت.

له‌كاتێكیشدا بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتار سۆران عومەر له دانیشتنيكی ئاسایی دەنگی زۆرینەی بەشداربوانی دانیشتنەکەی به‌ده‌ستهێناوه‌، بەگوتەی پسپۆرانی یاسایی هیچ دەقێکی یاسايی نییە دەسەڵات بداتە سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر بڕیارێك کە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران درابێت، پێشیانوایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە تاکە رێگە کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمانەو دەبێت بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بڕیارەکە هەڵوەشێندرێتەوە. ئارام رەسوڵ مامەند، ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمانیش رێکارە یاسایەکان دەخاتەڕوو و دەڵێت: سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەرلەمانی نیە.

به‌گوێره‌ی ماده‌ی  18ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان سەرۆکی پەرلەمان 14 دەسەڵاتی هەیە و دەسەڵاتی ئەوەشی پێ نەدراوە بڕیاریكى یاسايی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتار سۆران عومەريش لە ژێر فشاری سیاسی حزبەکەی داوە و ئه‌و بڕیاره‌ش ناتوانێت پارێزبەندی بۆ سۆران عومەر بگه‌ڕێنێتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییش گێڕانەوەی پارێزبەندییەکە بە زۆرینەی پەرلەمانی بە مەحاڵ دەزانێت.

H.B