سێ تووشبووی دیكەی كۆرۆنا لە ھەولێر گیانیان لەدەستدا
رەوشی تووشبووان لە نەخۆشخانەی رزگاری دەخرێتەروو
K24 - ھەولێر
سێ كەسی دیكەی ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەولێر گیانیان لەدەستدا.
ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی رزگاری شاری ھەولێر، سێ كەسی دیكە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە".
د. بۆتان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری بە كوردستان24ی گوت: "ھەشت تووشبوو لە نەخۆشخانەكەمان باری تەندروستیان ناجێگیربوو، بەداخەوە شەوی رابردوو سێیان گیانیان لەدەستدا".
گوتیشی: "ھەرسێكیان خەڵكی ھەولێر و دەوروبەری ھەولێربوون، یەكێك لەو كەسانەی گیانی لەدەستدا نەخۆشی شێرپەنجەی ھەبوو".
د. بۆتان، ئاماژەی بەوەشدا: "ژمارەیەك تووشبوو باری تەندروستییان باشە و ئەمڕۆ پشكنینیان بۆ دەكەینەوە، ئەگەر نێگەتیڤ دەرچوو رەوانەی ماڵەوەیان دەكەینەوە. دوێنێش 30 كەسی دیكە چاكبوونەوە و رەوانەی ماڵەوە كرانەوە".