ئاوارەکانی ئیدلب بەهۆی خراپی ئابووری و وێران بوونی ناتوانن بگەڕێنەوە

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، داوا لە ئاوارەکان دەکرێت  بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام بەشێک لە ئاوارەکان بەهۆی نەبوونی شوێنی مانەوە و خراپی ئابوورییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە.

ئەنوەر عەبدولـلەتیف، نێردراوی کوردستان24 لە باکووری سووریا سەردانی کەمپێکی ئیدلب کردووە و سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان پرسیاری لە ئاوارەکان کردووە؛ ئاوارەیەکی خەڵکی حەما، کە 12 ساڵە لە کەمپی ئیدلبە بۆ کوردستان24 گوتی: ناتوانین بگەڕێینەوە، چونکە خانووەکانمان هەمووی وێران کراون، بۆ نۆژەن یان دروستکردنەوەیان تێچوویەکی زۆری دەوێت، ئەمەش لە توانای ئێمەدا نییە.

گوتیشی: نزیکەی 12 ساڵە بەهۆی ڕژێمەوە لە کەمپ دا دەژیم، بەهۆی سەرما و نەبوونی نەوت و کەلوپەلی پێویست، لە کولەمەرگیدا دەژین، لەگەڵ ئەمەشدا هیچ هاوکارییەکی مرۆییمان پێ ناگات.

لەبارەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ زێدی خۆیان، ئاماژەیدا، زۆربەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە، ئێستا بەهۆی ڕووخانی خانووەکانیان و نەبوونی شوێنی مانەوە، لە ژێر خێمەدا دەژین.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوکانی مرۆیی بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریا، نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای ئیدلب لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆسیۆن گیرسابوونەوە، هەرچەندە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، ڕژێمی ئەسەد ڕووخێندرا، بەڵام تاوەکوو ئێستاش بەشی زۆری ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان هەر لە کەمپەکانی ئیدلب ماونەتەوە.