یەکێتیی زانایان ساڵی ڕابردوو سێ هەزار و 811 کێشەی چارە کردووە
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: کار و چالاکییەکانی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە ساڵی ڕابردوو، بریتی بووە لە وەڵامدانەوەی شەرعی و چارەکردنی کێشەی خەڵکی لەهەرێمی کوردستان.
شەممە 4ــی کانوونی دووەمی 2025، دکتۆر عەبدوڵلا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بەماڵپەڕی کوردستان 24ــی ڕاگەیاند: "ساڵی ڕابردوو ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم، لە کۆی سێ هەزار و461 کێشەی خێزانی هەزار و340 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، واتە دوو هەزار و 121 کێشەی خێزانییان چارە کردووە."
عەبدوڵا شێرکاوەیی گوتیشی: "14 فەتوای فەرمی، لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای فەتواوە دەرکراوە، پێنج هەزار و 921 پرسیاری شەرعی هاوڵاتییان وەڵامدراوەتەوە، هەزار و 78 کێشەی میرات و زەوی و زار، هەزار و 168 کێشەی مامەڵەی بازرگانی و کڕین و فرۆشتن چارەسەرکراون."
باسی لەوەش کرد "هەروا توانراوە 522 ئاشتەوایی بکرێت، کە پەیوەست بوونە بەکێشە کۆمەڵاتییەکان و خێزانی و تەنانەت نەخوێندەواریش."