ئیسرائیل و حزبوڵلای هەڕەشە لە یەکتر دەکەن

وەزیری بەرگری ئیسرائیل و ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان یەکتری بە پابەند نەبوون بە بنەماکانی ڕێککەوتنی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن، هەربۆیە پێشبینی دەکرێت دوای ئاگربەستە 60 ڕۆژییەکە شەڕێ نێوانیان بە قورسی دەست پێ بکاتەوە.

یەکشەممە 5ی کانوونی دووەم 2025، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا هۆشداری دایە حزبوڵلای و گوتی: حزبوڵلا پابەندی مەرجەکانی نێوانمان نییە، ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لە شکاندنی پەیمانەکانیان، ئەوە ناچار دەبین هێز بجووڵێنن.

هەروەها گوتی: "تاوەکوو ئێستا حزبوڵلای لە ڕووباری لیتانی باشووری لوبنان نەکشاوەتەوە کە ئەو بەشێک بوو لە مەرجەکانی ڕێککەوتنامەکە، ئەگەر پابەند نەبن ئەوە هیچ شتێک نامێنێت بە ناوی ڕێککەوتننامەوە، ناچار دەبین هێز بەکار بهێنین بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتووانی باکوور ئیسرائیل بۆ ماڵەکانیان.

ئاماژەشی داوە، چەکدارانی حزبوڵلا پابەندی بەڵێنەکان نەبوون و دەستیان لە کردە چەکدارییەکان هەڵنەگرتووە، هەربۆیە سوپای ئیسرائیل ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر هاووڵاتی ئیسرائیلی نادات.

لە لای خۆیەوە نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان، ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت لە جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوانیان و ڕایگەیاندووە، ڕەنگە ئارامگرتنیان بەر لە ڕێککەوتنە 60 ڕۆژییەکە نێوانیان لەگەڵ ئیسرائیل، کۆتایی پێ بێت و سەرکردایەتیی حزبوڵلا لە بارەی کات و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بڕیار تازە بدات.

ئیسرائیل و لوبنان لە 27ی تشرینی دووەمی 2024، لەسەر ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە ڕێککەوتن، یەکێک لە مەرجەکان دوور کەوتنەوەی چەکدارانی حزبوڵلای لوبنان بووە بە دووری 40 کیلۆمەتەر لە سنوورە ئیسرائیل

 
 
 
Fly Erbil Advertisment