شێخ مادح نەقشبەندی: تەنیا بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناوخۆیی کوردستان ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنێت
سەرپەرشتیاری خانەقاکانی نەقشبەندی: بەغدا بە ناوی سەروەری و دژە گەندەڵی دەیەوێت قەوارەی هەرێم لەبار ببات
دکتۆر شێخ مادح نەقشبەندی، سەرپەرشتیاری مەدرەسە و خانەقاکانی حەزرەتی شێخ عوسمان نەقشبەندی لە پەیامێکدا بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا بە پاساوی سەروەری و دژە گەندەڵی هەوڵی لەباربردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات و جەختی کردەوە کە کوردستان تەنیا بە یەکڕیزی، تەبایی و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان دەتوانێت ئەم دۆخە تێپەڕێنێت.
یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، دکتۆر شێخ مادح نەقشبەندی، سەرپەرشتیاری مەدرەسە و خانەقاکانی حەزرەتی شێخ عوسمان نەقشبەندی لە کوردستان و جیهان پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کرد
لە پەیامەکەی دکتۆر شێخ مادح نەقشبەندی هاتووە، گەلی کورد هەر لە دێر زەمانەوە لە سەردەمە یەک لەدوای یەکەکان تا ئەمڕۆ لە هەموو پارچەکان هەمیشە لەلایەن ستەمکاران و داگیرکەران هەوڵی سەرکوت کردن و نەمان و سڕینەوەی ناسنامەی دراوە، بەڵام تا ئەمڕۆ بەبەخشینی خوێنی هەزارەها شەهید هەر ماوە و لەسەر پێی خۆی بەرامبەر داگیرکەران وەستاوە و چۆکی دانەداوە.
هەروەها دەڵێت: هەموو لایەکمان باش لە بیرمانە کوردستانی باشوور هەر لە سەردەمی پاشایەتی و دوایی رژێمە یەک لەدوای یەکەکان تا رووخانی رژێمی سەدام هەرچی لەدەستیان هاتووە بەرامبەر بە کورد تاقیان کردووەتەوە و درێغیان نەکردووە، بەڵام گەلی کورد هەر مایەوە، دوای رووخانی رژێمی بەعس، کورد ئاهێکی هەڵکێشا و گوتی: ئیتر دەحەسێینەوە و لەگەڵ هاوخەباتەکانمان بەیەکەوە عێراقێکی دیموکراتی فیدڕاڵی و فرە نەتەوەیی دروست دەکەین و بەڕێوەی دەبەین و هەموو لایەکمان بە ئاسوودەیی دەژین.
دکتۆر شێخ مادح نەقشبەندی ئاماژەی داوە، بەداخەوە ئەو ئاواتە کورت خایەن بوو هەر لە سەردەمی دووەم کابینەی عێراقی نوێ کەوتنە دژایەتی گەلی کورد لە بڕینی بودجە و بەکارهێنانی هێز و تا بەکار هێنانی هێز لەدژی ریفراندۆم داگیرکردنی کەرکووک و شنگال و خانەقین و شوێنەکانی تر، کورد بەیەک هەڵوێستی و یەکگرتوویی توانی بەسەر هەموو ئەو قەیرانانەدا سەرکەوێت.
لە پەیامەکدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ جارێکی تر حکوومەتی عێراق بە ناوی سیاسەتی سەروەری و دژە گەندەڵی بە نیازی لەباربردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، دڵنیام کە ئەمە پیلانێکی بۆداڕێژراوی پێش وەختەیە دژی کورد بۆداپۆشینی شکستی هەموو تاوانەکانی کەلەسەرەتاوە تا ئێستا پەیڕەو کراون بەرامبەر گەلی.
گوتیشی: ئەمڕۆ کوردستان کە بە دوژمن دەورە دراوە تەنیا بەیەک ریزی و برایەتی و تەبایی و یەکگرتوویی ناوخۆیی دەتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت؛ من لێرەوە داواکارم لە هەموو لایەک کێشە ناوخۆییەکان تاسەر چارەسەر بکەن و هەمووان بە یەکگرتووی و یەک هەڵوێستی پشتی یەکتر بگرن و قەوارەی هەرێم بپارێزن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، نموونەی زیندووش لە سەردەمی خودالێخۆشبوو مام جەلال و سەرۆک بارزانی هەرچەند کوردستان لە شیعە و سوونە کەمتر بوو، بەڵام چونکە یەکگرتوو بوون لە هەمووان بەهێزتر و کاریگەرتر بوون، دڵنیابن کوردستان وەک کەشتی وایە ئەگەر نقوم بوو کەس رزگاری نابێت هەمووی پێکەوە غەرق دەبێت، بەغدا لەسەرەتا تا خۆی دەچەسپێنێت لەوانەیە وا پیشان بدات کە پشتی لایەک دەگرێت بەڵام کە خۆی گرت هەمووی وەکو یەک سەیر دەکات و جیاوازی نێوان زەرد و سەوز و سوور و شین پرتەقاڵی ناکات چونکە ئەو دوژمنی راستەقینەی کوردە.