سووپای عێراق سکاڵا لە 26 هاووڵاتی و جووتیاری کورد دەکات

سەرەڕای فشارە بەردەوامەكانی سوپای عێراق و عەرەبە ھاوردەكان لەسەر جووتیارانی كورد لە سنووری كەركووك،  سوپای عێراق سكاڵای لەسەر 26 ھاووڵاتی و جووتیاری كورد لە گوندی تۆبزاوە تۆماركردووە و داوای پێنج ھەزار دۆنم زەوی لەو جوتیارانە دەكەن.

دولبەر محەمەد، خەڵکی تۆبزاوەیە و دەڵێت: باوک و باپیرانمان خەڵکی تۆبزاوەن و ئێستا دەیانەوێت دەرمان بکەن.

سوپای عێراق سکاڵای لە 26 هاووڵاتی و جووتیاری کورد لە گوندی تۆبزاوە کردووە و داوای نزیکەی پێنج هەزار دۆنم زەوییان لێدەکات کە پێشتر خاوەندارییەتی زەوییەکان لەجووتیارانی کورد وەرگیراونەتەوە و  گۆڕدراون بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق.

 جووتیارانی کورد ئامادەکار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکە دەکەن و مەترسییەکیش ئاشکرا دەکەن.

ساتح ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆبزاوە گوتی: مەترسی ئێمە لەوەدایە، ئەگەر سکاڵاکە لە بەرژەوەندیی وەزارەتی بەرگریی یەکلا بکرێتەوە، دەبێتە پاشینەیەکی قەزایی بۆ زەوییەکان، مەترسیی دەکەوێتە سەر کۆی زەوییەکانی کەرکووک بە تۆبزاوە و شوێنەکانی دیکەش، ئەگەر ئەو سکاڵایە لە بەرژەوەندیی سووپا یەکلا بکرێتەوە، ماددەی 140ـی دەستوور هیچ گرنگییەکی نامێنێت، چونکە زەوییەکان لە چوارچێوەی ماددەی 140 دان.

ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 1975 خاوەندارێتی 135 هەزار دۆنم زەوییان لە سنووری کەرکووک گۆڕیوە کە لە بنەڕەتەوە موڵکی جووتیارانی کوردو تورکمانن و تاپۆی سەردەمی عوسمانیانیان هەیە، ڕووبەری پێنج هەزار دۆنم زەویشیان لە سنووری گوندەکانی تۆبزاوەو بڵاوە تسعین، خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق و ئێستا داوای دەکەنەوە.

خەڵکی تۆبزاوە یادەوەرییەکی تاڵیان لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی عێراق هەیە، لە ساڵی 1988 لە کاتی شاڵاوی ئەنفال زێدەکەیان وەکو وێستگەی ئەنفالکردنی کورد بەکاردەهێنرا، داگیرکردنی گوندەکەو دەستبەسەداگرتنی زەوی و زارەکانیان بەوتەی خەڵکی تۆبزاوە، جارێکی دیکە ئەنفالکردنەوەیانە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment