ڕۆژنامەیەک: سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دەست لەکار دەکێشێتەوە

دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕۆژنامەی "گڵۆب ئاند مەیل"ی کەنەدی، بڵاوی کردووەتەوە، لەم هەفتەیەدا جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دەست لەکار دەکێشێتەوە، ئەمەش بەهۆی دژایەتی کردنییەتی لەلایەن پارتی لیبراڵ، کە خۆی سەر بەو پارتەیە.
سێ سەرچاوەی ناو پارتەکە بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکەن بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە "ڕەنگە ڕاگەیاندنی دەست لەکارکێشانەوەکەی ترودۆ هەر ئەمڕۆ، دووشەممە بێت."
بەڵام ڕۆژنامەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە، ڕەنگە سەرۆک وەزیران، دەست لەکارکێشانەوەکەی، ڕۆژی چوارشەممە 8 ی کانوونی دووەم، لە کۆنفرانسی پارتی لیبراڵی نیشتمانی پێشکەش بکات.
ئاماژەی بەوەش داوە "ئەگەر ترۆدۆ دەستی لەکار کێشایەوە، ڕوون نییە بۆ ماوەیەکی کاتی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی پارتی لیبراڵ کەسێکی نوێ هەڵبژێرێت، یاخود نا."
جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، لە ساڵی 2015 هاتە سەر دەسەڵات، دواتر لیبراڵەکان دوو خولی دیکەی هەڵبژاردنەکانیان بردەوە.