گەشتیارێکی عێراقی لەسەر ڕێگەی سەرەکی بێخاڵ هەڵدێرا و گیانی سپارد
گەشتیارێکی خەڵکی بەسرە، لەسەر ڕێگەی سەرەکی بێخاڵ هەڵدێرا و گیانی سپارد. تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆرانیش هەوڵی هێنانەخوارەوەی تەرمەکەی دەدەن.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "نزیکەی کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، گەشتیارێکی عەرەب لەسەر ڕێگەی سەرەکی بێخاڵ هەڵدێرا و گیانی سپارد."
میراودەلی باسی لەوەش کرد "ئەو گەشتیارە عەرەبە ناوی محەممەد ئەسعەدە، خەڵکی شاری بەسرەیە و لە دایک بووی ساڵی 1991ـە. لەگەڵ دوو هاوڕێی بەیانیی ئەمڕۆ کە هێشتا خۆر دەرنەکەوتبوو و تاریک بوو، لەسەر ڕێگە لایداوە و بەهۆیەوە هەڵدێراوە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوەش دا "ئەو شوێنەی گەشتیارە عەرەبەکە لێی هەڵدێراوە، زۆر سەخت و بەرزە، کێشیشی زیاتر لە 100 کیلۆگرامە، هەر بۆیە تاوەکوو ئێستەش تیمەکانمان نەیانتوانیوە تەرمەکەی بیهێننە خوارەوە؛ لەوانەیە بۆ کاتژمێر 09:30 خولەک بتوانین تەرمەکە بهێنینە خوارەوە."