پارەی کارمەندانی سەرژمێری دابەش دەکرێت

کارمەندێکی سەرژمێریی لەگەڵ هاووڵاتییەک
کارمەندێکی سەرژمێریی لەگەڵ هاووڵاتییەک

بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، پارەی بژمێرەکانی تایبەت بە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دابەش بکرێت.

سێشەممە ، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان 24ــی ڕاگەیاند: "پارەی تەواوی ئەو بژمێرانەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانیان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە برد، خەرج کراوە."

بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر باسی لەوەش کرد "ئەمڕۆ و سبەینێ پارەی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەرەکان، دابەش دەکرێت و هەر لەدوای ئەوانیش، پارەی تەواوی بژمێرەکان دابەش دەکرێت."

دلزار حەمە ساڵح، گوتیشی: "گرێبەستی چوار مانگی لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەری بەڕێوەبەرەکان کراوە، بەڵام لەگەڵ بژمێرەکان بەگشتی گرێبەستی دوو مانگی کراوە، مانگەکانی 11 و 12، بۆ هەر مانگێک 250 هەزار دیناریان پێ دەدرێت."

بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەولێر، 11 هەزار بژمێر هەن و ئەو پارەی وەریدەگرن، تەنها هی مانگی 11یە."

ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تاكوو 22ـتشرینی دووەمی 2024 بەردەوام بوو.