ئاگرکەوتنەوەیەک 30 هەزار کەسی لە لۆس ئەنجلس ئاوارە کردووە

بەرپرسانی ویلایەتی لۆس ئەنجلس ڕایانگەیاند، ئاگرێک لە شارۆچکەیەکی ویلایەتەکەی کەوتووەتە، هەرچەندە بەرگری شارستانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات، بەڵام 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە بەردەم مەترسی سووتاندان.
کریستن کرۆلی، بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی ویلایەتی لۆس ئەنجلس، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "نزیکەی 10 هەزار ماڵ هەڕەشەی سووتانیان لەسەرە، تاوەکوو ئێستە قوربانیمان نییە، بەڵام تیمەکانمان لە هەوڵی کۆنترۆڵکرنی ئاگرەکە بەردەوامن."
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاو بوونەتەوە، ئاگرەکە تەشەنەی کردووە، خانوو و ئوتۆمبێلی هاووڵاتیان سووتاون، دوکەڵێکی چڕ ئاسمانی شارەکەی تەنیوە.
هەروەها بەرپرسانی ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس ڕایانگەیاندووە: "ئاگرەکە ڕووبەری 12 کیلۆمەتر دووجای نێوان کەنارەکانی سانتا مۆنیکا و مالیبۆی گرتووەتەوە، بەهۆی ڕەشەبایەکی بەهێز لە ناوچەکە، بەرپرسان هۆشداری پێشوەختەیان دابوو کە ئاگرەکە تەشەنە دەکات و فراوانتر دەبێت."
بەرپرسانی ویلایەتی لۆس ئەنجلس ئاماژەیان بەوەش کردووە "بەهۆی ئاگرەکەوە تاوەکوو ئێستە نزیکەی 30 هەزار کەس ئاوارە بوون."