وەزارەتی کارەبا پلانی زیادکردنی 500 مێگاوات کارەبای هەیە

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکرێت

ئۆمێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، وەزارەت لە پلانیدایە لە کۆتایی مانگی داهاتوودا 500 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد بکات و پێدانی کاتژمێرەکانی کارەباش زیاد دەکرێت.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت: کۆیی گشتی بەرهەمهێنانی کارەبا نزیکەی سێ هەزار و 700 مێگاواتە، لە کاتێکدا پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان حەوت هەزار 500 مێگاواتە، بەڵام وەزارەتی کارەبا بەردەوامە لە هەوڵی فراوانکردنی تۆڕی نیشتمانی و لە کۆتایی مانگی شوباتی داهاتوودا 500 مێگاوات کارەبا زیاد دەکرێت. 

گوتیشی: بەشێوەیەکی تێکڕا پێدانی کارەبای نیشتمانی ئێستا لە نێوان حەوت بۆ 10 کاتژمێرە، هەوڵدەدەین لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنان، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەین، بەڵام بەو مەرجەی خواستی بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتییانەوە کۆنترۆڵ و جێگیر بێت.