پۆلیسی هەولێر ژیانی کچێک ڕزگار دەکات

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ژیانی کچێک ڕزگاردەکات کە لەلایەن خۆشەویستەکەی ڕفێندرابوو.

دوای مانەوەی زیاتر لە 24کاتژمێر، کچێکی تەمەن 22 ساڵ  لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەولێر ڕزگاردەکرێت، ئەگەر پۆلیس فریای نەکەوتبا، بێ ئەوەی هیچ کەسێک پێی بزانێت گیانی لەدەستدەدا، کچەکە  لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە لەشوێنێکی دوورە دەست و لەنێو کابینەیەکی تاریکدا کە جگە لە ماددەی هۆشبەر هیچی دیکەی تێدا نەبووە، جێدەهێڵدرێت و بەقوفڵ و زنجیر دەرگای لەسەر دادەخرێت.

پۆلیسی هەولێر باندێکی چوار کەسی دەستگیرکردووە کەیەک لەوان خۆشەویستی کچەکە بووە جگە لە سێ هاوڕێی خۆشەویستەکەی هاوڕێکانی خۆشەیستەکەی،  کچەکەیان فێری کێشانی ماددەی هۆشبەر کردووە،لەکاتی لێکۆڵینەوە دانیان ناوە بە دەیان کاری دزیکردن و پەیداکردنی پارە بۆ کڕینی ماددەی هۆشبەر، کچەکە خۆشەویستەکەی بە هۆکاری ئەم دۆخەی دەزانێت کە تێی کەوتووە.

کچەکە دەڵێت: کوڕێکم خۆشدەویست، هاتە خوازبێنیم و دایکم ڕازی نەبوو منی پێی بدات، دایکی ئەویش ڕازی نەبوو کوڕەکەی من بخوازێت، منیش لەسەر ئەوە لەگەڵ دایکم کردمە شەڕ و لەماڵەوە هاتمە دەرەوە، لەگەڵ ئەو کوڕەی خۆشم دەویست ڕۆیشتین، بەیەکەوە چووینە نێو کابینەیەک، منیش نەمزانی برادەرێکی لەوێیە و ماددەی هۆشبەر بەکاردێنێت، کە ماددەی هۆشبەری بەکاردەهێنا، منیش حەزم بۆی دەچوو و لێیم وەردەگرت و  بەکارم دەهێنا، پۆلیسی هەولێر منیان ڕزگار نەکردبووایە، لەسەرمان و لەبرسان لەنێو ئەو کابینەیە دەمردم، زۆر پەشیمانم کە بە قسەی دایکمم نەکرد و لە ماڵ هاتمە دەرەوە، زۆر هەڵە بووم.

لە درێژەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی پۆلیسی هەولێر بۆ پاراستنی ئارامی شار و پاراستنی سەر وماڵی هاوڵاتیان، باندێکیان دەستگیرکردووە کە بەدەیان دزیان ئەنجامداوە و ماددەی هۆشبەریشیان بەکارهێناوە، سێ کەسی باندەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.

تۆمەتبارێک دەڵێت: من کوردی ڕۆژئاوای کوردستانم، لە ساڵی 2007ـەوە لە هەولێرم، ساڵی 2012 دەستم بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کرد، ئێمە باندێکی چوار  کەسین، ماتۆڕسکیلمان دەدزی، چاکمان دەکردەوە و دەمانفرۆشت، پارەکەمان بە ماددەی هۆشبەر دەدا.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دووپاتی دەکاتەوە، هێزەکانیان ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێگەیاندووە لە دەستگیرکردنی تاوانباران و  ڕادەستکردنیان بە دادگا.

نەقیب کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: ئەو باندە پێکهاتوون لە چوار تۆمەتباری پیاو و تۆمەتبارێکی ئافرەت، کاریان ئەنجامدانی دزی بووە، بەتایبەتیش دزینی ماتۆڕسکیل، دواتر ماتۆڕسکیلەکانیان فرۆشتووەتەوە و پارەکەیان بە ماددەی هۆشبەر داوە و بۆ کاری خراپ بەکاریان هێناوە، ئەو تۆمەتبارانە شوێنێکیان بۆخۆیان لەنێو کابینەیەک دروستکردبوو، ئەو کەل و پەل وماتۆڕسکیلانەی دەیان دزی، لەوێ دەستکاریان دەکرد و دواتر دەیانفرۆشتەوە.

لە بەرانبەر هەر تاوانێکدا یاسا سزای داناوەو، دادگاش چارەنوسی تۆمەتباران و تاوانباران یەکلایی دەکاتەوە.