فەرماندەی سوپای لوبنان کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمارە

لە پێشهاتێکی گۆڕەپانی سیاسی لوبناندا، ڕەنگە لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، جۆزێف عەون وەک سەرۆکی کۆمار هەڵبژێردرێت، کە زیاتر لە 800 ڕۆژە ئەو پۆستە بەبەتاڵی ماوەتەوە.
نووسەر و بیرمەندی سیاسی لوبنانی ڕەزوان سەید، بە سکای نیوزی عەرەبی گوت: " پێم وایە حزبوڵلا و بزووتنەوەی ئەمەل، دەیانتوانی قەیرانی بۆشایی سەرۆکایەتی پێش چەند مانگێک لەمەوبەر تێپەڕێنن، ئەگەر بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای واقیعی سیاسی بوایە لەبری هەڵوێستی چەقبەستوو."
بە گوتەی سەید "سەرکردایەتیی حزبوڵلا بەرەوڕووی ئاستەنگی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە، دیارترینیان کەمبوونەوەی پشتیوانیی ئێرانە لە ئەنجامی زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان."
لە لایەکی دیکەوە عەلی شوکر، توێژەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات "هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لوبنان هەمیشە پەیوەست بووە بە فشارە دەرەکییەکانەوە، جەختیش دەکاتەوە کە بارودۆخی ئێستا جیاوازە لە قۆناغەکانی پێشوو."
شوکر، لای وایە کێشەی لوبنان لە ناوخۆدایە کە ڕێگە بە دەستێوەردانەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەدات، ئەمەش بە ڕوونی لە ئاستەنگە بەردەوامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆماردا ڕەنگ دەداتەوە.
لەگەڵ فشارەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا و ناوچەکە، هەڵبژاردنی جۆزێف عەون بووەتە چارەسەرێکی کاتیی بۆ قەیرانەکە.
پێدەچێت پشتیوانیی لەو فەرماندەی سوپا لەلایەن زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی ئەمەریکا و فەرەنسا قبوڵکراو بێت، چونکە دەبێتە هۆی سەقامگیریی لە دامەزراوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، کە بەردی بناغەی پاراستنی ئاسایشی لوبنانە.
بەڵام وەک سەید ئاماژەی پێ دەکات "گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم ئەو دەستپێکە، هێزە شیعەکانن، لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرۆکێک بکەن کە پشتیوانییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هەیە و پێدەچێت کەمتر بەرامبەر بە ڕۆڵی ئەمنی و سیاسی حزبوڵلا بێدەنگ بێت.
هەڵبژاردنی جۆزێف عەون، ئەگەر ڕوو بدات، بەرهەمی یەکلاییکردنەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دەبێت نەک دەربڕینی کۆدەنگیی ناوخۆیی لوبنان.