کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر بەڕێوە چوو،
نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 4:00، ئێوارە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات، چاوتان لە کوردستان24 بێت.
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی بوو لە هەولێر، کە بۆ گفتوگۆ کردن و نووسینەوەی خاڵە ستراتیجییەکانی کارنامەی چوار ساڵی داهاتووی کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.
بەپێی زانیارییەکانی نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 "ئەمڕۆ بە ڕێژەی سەدا 90 ڕەشنووسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادە دەکرێت و هەفتەی داهاتوو دەخرێتە بەردەم شاندی باڵای سیاسیی هەردوولا."
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی چوار ساڵەی داهاتووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان کراوە، بەتایبەت پرسی دەسەڵاتی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە حکوومەت و کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهات بەسەر پارێزگاکان و هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی لە کاتی بوونی کێشە و قەیرانەکانی بەردەم حکوومەتدا.
ڕۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، هەردوو شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، 08ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشیی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.