پرۆژەی فریاگوزاری ئاو هەزاران بیر لە شاری هەولێر دادەخات
ئاری ئەحمەد: لەماوەی شەش مانگدا پرۆژەکە ئاو دەگەیەنێتە هەولێر و دەورووبەری
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: لە ماوەی شەش مانگدا پرۆژەی فریاگوزاری تەواو دەکرێت و ئاو دەگاتە تەواوی گەڕەکەکانی شاری هەولێر، دەشڵێت: لە بەرامبەردا زیاتر لە هەزار بیر لە کۆی 1350 بیر، دادەخرێن و چیتر سامانی ئاوی ژێر زەوی بەکارناهێندرێت.
پێنجشەممە 9ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەی شەش مانگدا پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت، بە تەواوبوونی، ئاو دەگاتە تەواوی شاری هەولێر و بۆ یەکجارەکی کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی دێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆی 1350 بیر، زیاتر لە هەزاریان کە چەند گەڕەکێکی هەولێر بۆ ئاو پشتیان پێ بەستبوو، دادەخرێن و لەبری بیرەکان، ئاوی پرۆژەی فریاگوزارییان پێدەگات.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە 400 کیلۆمەتر بۆڕی بە تیرەکانی(110-160-200-250-300 تاکو 400)ملیمی لە هێلەکانی گواستنەوەی پرۆژەی فریاگوزاری بە تۆڕی ئاوی گەڕەکەکانی هەولێر دەبەسترێتەوە و تەواوی بۆریەکانیش کۆمپانیای هێمن گرووپ دابینی کردوون.
ئاری ئەحمەد قادر ئاشکرای کرد، ئەو پرۆژەیە بۆ هەر کاتژمێرێک 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەمدێنێت کە ڕۆژانە دەکاتە 480 هەزار مەتر سێجا، لەگەڵ ئەوەی 1500 مەتر سێجا ئاو لە پرۆژەی ئیفرازی یەک، 2250 مەتر سێجای دیکە لە ئیفرازی دوو، 9 هەزار مەتر سێجاش لە ئیفرازی سێ دەبنە هاوبەشی پرۆژەی فریاگوزاری ئاو بۆ شاری هەولێر.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند: پرۆژەی فریاگوزاری ئاو، لە سنووری شارەوانییەکانی،( 2-3-4-5-6)، جێبەجێ دەکرێت و ئامانج لێی ئەوەیە، دوای تەواوبوونی لەگەڵ گەیشتنی یەکەم بڕی ئاو، دەستبەجێ بڕە ئاوەکە بگاتە نێو تەواوی تۆڕەکانی ئاو لە شاری هەولێر و هاووڵاتییان.