بە گوژمەی 450 ملیۆن دینار رێگەی ژمارەیەک گوندی دێرەلووک نۆژەندەكرێتەوە

پارەکە لەلایەن سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی خەرجکراوە

 

K24 – دێرەلووک

بەگوژمەی 450 ملیۆن دینار، رێگەی ژمارەیەک گوند لە دێرەلووک نۆژەندەکرێتەوە، جگە لە دانیشتووان، چاککردنەوەی رێگەکە سوود بە کەرتی کشتووکاڵ و گەشتیاریی سنوورەکەش دەگەیەنێت.

دیمەنەکانی رێگەکە کە ساڵی رابردوو لە راپۆرتێکی کوردستان24  نیشاندران، خراپیی رێگەکەیان دەرخست. ئێستاش دەست بە نۆژەنکردنەوە و دووبارە قیرتاوکردنەوەی کراوە، کە دوای تەواوبوونی سوودێکی زۆری بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دەبێت.

محەمەد بارانی، هاونیشتمانییەکی ناوچەکە دەڵێ "ئێرە هاتووچۆیەکی زۆری لەسەرە و پێشتر رێگەکە زۆر ناخۆش بوو، چونکە هەم شوێنێکە خەڵک کشتووکاڵی لێدەکات، گوندێکی گەشتیاریش لێرە هەیە، بۆیە ئەگەر رێگەکە چاکبکرێت بەراستی زۆر باش دەبێت".

رێگەکە لە گوندەکانی سنووری دەڤەری بەرێگارەی-یە. بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووک ئاماژە بەوە دەکات هەرکاتێک رەوشی دارایی باشتر ببێت، رێگەکانی دیکە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە چاکدەکرێن.

رێگەکە زیاتر لە چوار کیلۆمەتر درێژە و حەوت مەتر و نیو پانە، بە گوژمەی 450 ملیۆن دینار کە لەلایەن بانکی نەختینەی نێودەوڵەتی (IMF) خەرجکراوە، دروست دەکرێت و بڕیارە لەماوەی حەوت هەفتەدا کارکردن تێیدا کۆتایی بێت.

 

هـ.ر.