فەرماندەیەکی سوپای پاسداران: ڕووسیا لە سووریا خیانەتی لێمان کرد و هاوکاریی ئیسرائیلی کرد

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران کە تا دوایین ڕۆژەکانی ڕووخانی ئەسەد لە سووریا بووە، ڕووسیا بە خیانەت لە ئێران و هاوکاریی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: ئێران، لە سووریا تووشی شکستێکی گەورە بوو.

مانگێک دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بێهروز ئیسپاتی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کە تا دوایین ڕۆژەکانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لە سووریا بووە، زانیاریی زیاتر لەبارەی ڕووخانی ڕژێمەکە ئاشکرا دەکات.

 ئیسپاتی، کە تۆمارە دەنگییەکەی بڵاو بووەتەوە، بە پێچەوانەی لێدوانە فەرمییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئاماژە بەوە دەدات، وڵاتەکەی لە سووریا تووشی شکست بووە و نابێت لەوە زیاتر پەرە بە گرژییەکان بدات.

جەنەراڵ بێهرووز ئیسپاتی، لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت: "پاش هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ڕووسیا لە سووریا بە قازانجی ئیسرائیل جووڵاوەتەوە و لە دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیشدا، ئێرانی فریو داوە و خیانەتی لێ کردووە."

بە گوتەی ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران "ڕووسیا ستراتیجیی بەرگریی ئێرانی لە بەرانبەر تەحریر شام ڕەت کردەوە، هێزەکانی ڕووسیا لە جیاتیی هێزەکانی تەحریر شام، تەنیا چیاکانیان بۆمباران دەکرد."
دەشڵێت: "ڕووسیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆی کوژاندەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئێران."

وەکوو ئەوەی ئیسپاتی باسی کردووە "هاوسەری بەشار ئەسەد کە سوننەیە، کاری بۆ ئەوە دەکرد وڵاتە عەرەبییەکان لە سووریا جێی ئێران بگرنەوە و ئیمارات و سعوودییەش بە بەشار ئەسەدیان گوتبوو: ئێمە پارەی پێویستتان دەدەینێ، ئێوە ئێران لە سووریا دەر بکەن. هەر بۆیەش لە مانگەکانی ڕابردوودا حکوومەتی ئەسەد هاوکاریی هێزەکانی ئێرانی نەدەکرد."

ئیسپاتی، ئەوەشی خستە ڕوو "هێزەکانی ئێران چەکیان پێ نەدەدرا و لە بەرانبەر وەرگرتنی چەک، بەرتیلیان لێ وەردەگیرا؛ دۆخەکە وای لێهات لە دوایین مانگەکاندا بنەماڵە ئێرانییەکانی سەر بە باڵویزخانە و مامۆستایانی قوتابخانە و ئەندازیارانی ئێرانی لە ماڵەکانیان دەرکرابوون."

سەبارەت بە دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتی ئەسەدیش، ناوبراو ئاشکرای کردووە "لە کاتی کەوتنی حەلەب نیوەی ئەندامانی ڕێکخراوی هەواڵگریی سووریا لە پشوودا بوون و بەر لە کەوتنی حەما چەک و تەقەمەنییان نەدا بە هێزەکانی ئێران و ڕێگاشیان نەدا ئێران بە فڕۆکە چەکیان پێ بگەیەنێت."