عێراق.. بەهۆی ئاشکراکردنی دۆسییەکانی گەندەڵی، ڕۆژنامەنووسان دەستگیر و ئەشکەنجە دەدرێن

دوای ڕووماڵکردنی چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی و خۆپیشاندانی پارێزگاکە، چەند ڕۆژنامەنووسێکی پارێزگای زیقار دەستگیر کران و ئەشکەنجە دران.

ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای زیقار، لە دۆخێکی سەختیی ئازادیی پیشەییدان و ڕێگریی لە کارەکانیان دەکرێت؛ بە تایبەتی پاش ڕووماڵی کۆتا خۆپیشاندانی پارێزگاکە. دیارترین ئەو ئاڵنگاریی و هەڕەشانە ئەوەیە کە بەسەر ڕۆژنامەنووس عەلی غەززییدا هاتووە، ئەو ڕۆژنامەنووسەی چەندان دۆسیەی گەندەڵی ئاشکرا کرد و دواتر لەلایەن هەندێک لایەنەوە بەردەوام هەڕەشەی لێ کرا.

عەلی بە کوردستان24ـی گوت: "ماوەیەک پێش ئێستە، بە تۆمەتێکی ناڕەوا دەستگیر کرام. تۆمەتەکە هیچ بەڵگە و بنەمایەکی نەبوو. لێکۆڵینەوەیەکی زۆریان لەگەڵم کرد و بە توندی ئەشکەنجەمیان دا"

لە زیقار، ڕۆژنامەنووسان لە دەستگەیشتن بە زانیاریی لەبارەی دۆسییەکانی گەندەڵیی کارگێڕیی نێو فەرمانگەکانی حکوومەت، دووچاری سەختیی زۆر دەبنەوە. وەکوو خۆیان دەڵێن: "ئەو سەختییانە کاریگەریی زۆریان لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی دروست کردووە."

حوسێن خەفاجی، ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای زیقار دووچاری هەڕەشە و دەستدرێژیی بوونەتەوە، بە تایبەتی لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان و دۆسییە ئەمنیی و خزمەتگوازرییەکان، یاخود ئاشکراکردنی دۆسییەکانی گەندەڵیدا."

ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای زیقار داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەن، بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی ڕۆژنامەنووسان، یاسایەک دابڕێژێت، تاوەکوو لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، پارێزراو بن.