وەزیری دارایی عێراق بۆ گفتوگۆ لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەچێتە پەرلەمان
وەزیری دارایی عێراق بۆ گفتوگۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەچێتە پەرلەمان و لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی کۆ دەبێتەوە.
کوردستان24 زانیویەتی، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆیە لەبارەی ماددەی 12 لە هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2025 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، تاوەکوو ڕەشنووسی کۆتایی هەموارەکە ئامادە بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکوو ئێستە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بودجە کراوە و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، 13-01-2025، پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارەکە بکات.