کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆک وەزیران و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، دەستی پێ کرد
کۆبوونەوەی تایبەت و نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، ژمارەیەک نوێنەری هەرێم لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەشێکی لایەنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی دەستی پێ کرد.
ئامانجی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی زانیاری لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە و داتا و بەڵگەنامەی پێویست بۆ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵی و ئەنجوومەنی نوێنەران و گفتوگۆكردن تاكوو بەپێی تایمەتمەندی بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ پرسی نیشتمانیی و داكۆكیكردن لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچە و بودجەی هەرێم.
لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەكرێن كە بریتین لە:
1. گوتەی وەزیری دارایی و ئابووری و ڕاپۆرتێك لە چوارچێوەی بەیانی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 و خشتەی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2024.
2. گوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت لەبارەی پرسی نەوت لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
3. گوتەی وەزیری پلاندانان و خستنەڕووی زانیاری سەبارەت بە تەرخانكراوەكانی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاكان لە خشتەكانی یاسای بودجەی فیدراڵ.
4. گوتەی هەریەك لە وەزیرانی كاروباری پێشمەرگە، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، تەندروستی، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، سەبارەت بە خەرجنەكردنی شایستەی تەواوی ئەم وەزارەتە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵ، بەرەوپێشچوونەكانی جێبەجێكردنی تەواوی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر حكوومەتی فیدراڵ بەتایبەت لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران.
5. كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و دانانی بەرنامەیەك بۆ چڕكرنەوەی هەوڵەكان و دانانی میكانیزمی هەماهەنگیی پێویست بۆ چارەسەری كێشەكان و بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەكانی هەرێم لە بەغدا.