گوتەبێژی حکوومەت: ئەوەی لە 2024 بەرانبەر مووچەخۆران ڕووی دا، ئیتر قبووڵکراو نییە
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، قبووڵی ناکەن ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێم ڕووی دا، ئەمساڵ دووبارە ببێتەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی تایبەت و نائاسایی ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران "دەستپێکە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بگەیەنین، ئەوەی لە 2024 بەرانبەر بە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕووی دا، ئیتر قبووڵکراو نییە."
هەورامانی دووپاتیشی کردەوە "دەمانەوێت پەیوەندیی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕاست بکەینەوە و هەرچی پێویست بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم پەیوەندییە، دەیکەین."
لەبارەی ئەو لایەنانەی بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکردووە، هەورامانی گوتی "وەکوو سەرۆک وەزیران باسی کرد، ئەوەی ئەمڕۆ لەم کۆبوونەوەدا بەشداربووە هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە. پێویست بوو ئەو لایەنانە لێرەبن، چونکە ئەوان لە بەغدا و شوێنی دیکە ئامادەن بۆ کۆبوونەوە، بەڵام نایەن بۆ کۆبوونەوەیەک کە باس لە قووت و مووچەی ژیانی خەڵکی خۆیانە. دەبووایە لێرە دابنیشن و چارەسەر بخەنە ڕوو، تاکوو گوێ لە پێشنیارەکانیشان بگیرێت."
گوتەبێژی حکوومەت باسی لەوەش کرد "ئەوانەی بەشدار نەبوون، هەر لە دوورەوە قسە دەکەن. بابێن بزانین چارەسەرەکەی ئەوان بۆ کێشەی مووچە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چییە؟ بەدڵنیاییەوە ئەوان دەکەونە ژێر پرسیاری ویژدانیانەوە. دەرکەوت ئەو هەموو قسە و فایل و کاغەزانەی لە دوورەوە بەرزی دەکەنەوە، جگە لە قسەی زل و بێ بنەما هیچی دیکە نەبووە، ئەگەر چارەسەریان لابووایە دەهاتنە ئێرە و چارەسەریان دەخستە ڕوو و گوێیان لێ دەگیرا."
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، ژمارەیەک نوێنەری هەرێم لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەشێکی لایەنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی دەستی پێ کرد.