نەجیبە نەجیب: 10ساڵە عێراق بوودجەی هەرێمی بەتەواوی نەناردووە

ئەندامێکی پیشووی ئەنجوونی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، 10 ساڵە، بەغدا بوودجەی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی نەناردووە.

شەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بەغدا، 10ساڵە بوودجەی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی نەناردووە، یەکەمین و گرنگترین کار، کە پێویستە بکرێت، پاراستنی یەکڕێزیی نێو ماڵی کوردە؛ ئامادەنەبوونی هەندێک لایەن لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ، مانای لادانیانە لە یەکڕێزیی نێو ماڵی کورد."

وەک نەجیبە نەجیب باسی کرد: "پێویستە لایەنە کوردییەکان، بەرانبەر حکوومەتی عێراق، یەکڕێز بن و بە هێزەوە بچنە نێو کوبونەوەکان و خاوەن یەک بڕیار و یەک هەڵوێست بن."

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، نوێنەرانی هەرێم لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی دەستی پێ کرد.