ئیخڵاس دلێمی: بەغدا تەنیا 400 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 12 بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە

جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا 400 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 12 بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، ئەمەش کورتهێنانی بە بڕی زیاتر لە 500 ملیار دیناری دروست کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: "پێم وایە میکانیزمێک لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 12 دەبێت، ئەگەر ساڵی داراییش کۆتایی هاتبێت، پێویستە مووچە خەرج بکرێت."

جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، تەنیا 400 ملیار دیناری بۆ مووچە مانگی 12، بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، ئەمەش کورتهێنانی بە بڕی زیاتر لە 500 ملیار دیناری دروست کردووە. 

ئیخلاس دلێمی، جەختی لەوە کردەوە، بڕیاری دادگەی فیدراڵی ڕوونە، پێویستە مووچە زامن بکرێت، دادگە باسی ئەوەی نەکردووە زامنی مووچە لە چوارچێوەی بڕگەی قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران بێت. بەڵكو لە چوارچێوەی 20 ترلیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجە.