مەحما خەلیل: پێویستە کورد بەرانبەر بەغدا یەکدەنگ بێت
پەرلەمانتارێکی عێراق، دەڵیت: هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمەکە جێبەجێ نەکردووە.
ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق، لەبارەی کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بۆ زامنکردنی مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، هەروەها وەزیری دارایی عێراق جیاوازی دەکات لەنێوان مووچەی فەرمانبەرانی شارەکانی دیکەی عێراق و کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، دەڵێت: پێویستە نوێنەرانی لایەنە کوردستانییەکان یەک دەنگ بن لە بەغدا و پێکەوە بڕیار بدەن لە پەرلەمانی عێراق بکشێنەوە، تاوەکوو ماف و شایستە داراییەکان بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمەکە جێبەجێ نەکردووە.
مەحما خەلیل، جەختی لەوە کردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەنگاوی ناوە، بەڵام هەمیشە هەندێک کەس و لایەن دەبنە بەربەست لەبەردەم بڕیار و هەنگاوەکانی ناوبراو بەرانبەر هەرێمی کوردستان.
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەو کاربەدەستانەی کە لە بەغدا دژی پێدانی ماف و شایستەکانن بە هەرێمی کوردستان و پێشێلی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەن، پێویستە متمانەیان لێ وەربگیرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا و تێیدا سێ بڕیار دەرکران.