پێشەوا هەورامانی: بەغدا دەیەوێت هەرێمی کوردستان بە مووچەوە سەرقاڵ بکات

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: بەغدا لە 2024 تەنیا 10 مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، هەروەها جگە لە مووچە زۆر شایستەی دیکە هەیە تا ئێستا بەغدا نەیناردووە.
ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی باشە بۆ گەیاندنی پەیامێک بۆ بەغدا، کە لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە یەکدەنگن.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، لایەنە کوردستانییەکان هاوڕان لەوەی کە نییەتی بەغدا تەنیا بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانە، هەروەها کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ زیاترە لە مووچە.
باسی لەوە کرد، چەندین شاندمان ناردووەتە بەغدا و چەندین دەستپێشخەریمان بۆ چارەکردنی کێشەکان کردووە، تا ئێستا سوودی نەبووە، بەڵام هێشتا درەنگ نییە بۆ ئەوەی بەغدا مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدات و پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکان.
پێشەوا هەورامانی دەڵێت: هەمیشە بەغدا بیانووی تازە و مەرجی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دادەنێت، ئامانجەکەشی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لاواز بکات، هەروەها دەیەوێت هەرێم تەنیا بە بابەتی مووچەوە سەرقاڵ بکات.
لەبارەی کشانەوەی کورد لە حکوومەتی عێراق، هەورامانی، گوتی: ئەمڕۆ وەزیرە کوردەکانی حکوومەتی عێراق ڕاسپێردران کە پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەیینە بەغدا، ئەگەر داواکارییەکان جێبەجێ نەکران و نییەتی جییدی نەبێت بۆ چارەکردنی کێشەکان، ئەوا کشانەوە لە بەغدا یەکێک دەبێت لە ئەگەرەکان.
لەبارەی ڕاگەیەندراوی وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە مووچە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، قسەکانی ناوبراو تایبەت بەوەی کە مووچەی هەر 12 مانگەکانی ساڵی 2024 بۆ هەرێم نێردراوە ڕاست نییە، تەنیا 10 مووچە تا ئێستا ڕەوانە کراوە و، مووچەیەکیش لە داهاتی ناوخۆی هەرێمەکە دابەش کراوە.
هاوکات گوتیشی: مافی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 20 ترلیۆن دینار، بەڵام تا ئێستا بەغدا نزیکەی 10 ترلیۆنی ناردووە، بەغدا لە ناردنی زۆر شایستەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان ڕێگرە.
سەبارەت بە مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی، ڕایگەیاند: وەزیری دارایی عێراق بە شاندی ئێمەی گوتووە کە مووچەی مانگی 12 دەنێرێت، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە.
شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا و تێیدا سێ بڕیار دەرکران.
یەکەم: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن . بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارە بکرێت.
دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیازکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی.
سێیەم: لە ئێستاوە کار بکرێت بە یاسای بودجەی فیدراڵ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستووريیەکانی دادپەروەریی لە دەستنیشانکردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی، دواتر بە پێی تایبمەتدنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.