کوردستان24 ناوی ئەندامانی ئەو شاندە بڵاو دەکاتەوە کە پەیامەکان دەگەیننە بەغدا

کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: وەزیرە کوردەکانی حکوومەتی عێراق و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە، بڕیارەکانی ئەمڕۆی کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەگەیننە بەغدا.

ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیارەکەنی ئەنجوومەنەکە تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی باش بوو بۆ گەیاندنی پەیامێک بۆ بەغدا، کە لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە یەکدەنگن.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەر یەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، خالید شوانی، وەزیری داد، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاسپێردران تا بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بگەیننە بەغدا.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا "ئەم بڕیارانەی کە دەرکراون کۆمەڵێک داواکارییە و ئاراستەی حکوومەتی عێراق دەکرێن، هەروەها ئەگەر بینیمان داواکارییەکان جێبەجێ نەکران ئیدی کاتی خۆمان لەگەڵ بەغدا بە کۆبوونەوە ناکوژین و کشانەوە لە حکوومەتەکە دەبێتە یەکێک لە ئەگەرەکان."

شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا و تێیدا سێ بڕیار دران.

یەکەم: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن . بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیار درا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆ ببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارە بکرێت.

دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیازکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی.

سێیەم: لە ئێستاوە کار بکرێت بە یاسای بودجەی فیدراڵ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستووريیەکانی دادپەروەریی لە دەستنیشانکردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەک قەوارەیەکی فیدراڵیی، دواتر بە پێی تایبمەتدنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی  بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment