کەرتی غەززە.. چوار سەربازی ئیسرائیل کوژران و دووی دیکەش بەسەختی بریندار بوون

سوپای ئیسرائیل کوژرانی چوار سەرباز و بریندار بوونی ئەفسەر و سەربازێکی دیکەی لە بەیت حانوون ڕاگەیاند.
سوپای ئیسرائیل، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار سەربازی لیوای ناحیل لە بەیت حانوونی باکووری غەززە کوژران، هەروەها ئەفسەر و سەربازێکی دیکەشی لەهەمان شوێن بە سەختی بریندار بوونە.
هاوکات ڕۆژنامەی 'یەدیعوت ئەحرۆنۆت'ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە "سەربازەکان کەوتوونەتە بۆسەیەک و بۆمبیان پێدا تەقیوەتەوە، ئامانجی بۆسەکە کوشتنی جێگری فەرماندەی لیوای ناحیل بووە."
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە "هەوڵ دەدەین بگەینە ئەو تونێلە نهێنییەی چەکدارانی حەماس پێیدا گەیشتوونەتە شوێنی بۆسەکە."
بەگوێرەی داتاکانی سوپای ئیسرائیل، ژمارەی کوژراوانی سوپا لە دوای شەڕی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، گەیشتووەتە 828 سەرباز، هەروەها تاوەکو ئێستا 5578 سەرباز بریندار بوون.
هەر بەپێی ئامارەکان تاوەکوو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 155 هەزار فەڵەستینی کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن کوژراو و بڕینداربوون و زیاتر لە 11 هەزار کەسیش بێسەروشوێنن. کە زۆرینەی وڵاتان دەڵێن، ئیسرائیل جینۆسایدی فەڵەستینییەکانی کردووە.