ڕووسیا: بایدن دەیەوێت ئالنگاری بۆ ئیدارەی ترەمپ دروست بکات

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەر کەسایەتیی و کۆمپانیا ڕووسییەکان سەرکۆنە دەکات.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە وەڵامی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیا و کەسایەتییە ڕووسییەکان ڕایگەیاند "جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت لەسەروبەندی جێهێشتنی کۆشکی سپی بە سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆ؛ بازاڕی جیهان ڕووبەڕووی ناسەقامگیریی بکاتەوە."
زاخارۆڤا گوتیشی: "سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوت و وزەی ڕووسیا، پێش هەموو شتێک زیان بەخودی ئەمەریکا دەگەیەنێت و نرخی سووتەمەنی لەو وڵاتە بەرز دەکاتەوە. هەر بۆیە، ئەم بڕیارەی بایدن ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ترەمپ دەخاتە بەردەم ئاڵنگاری قورسەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی داهاتی ڕووسیا لە کەرتی وزەدا، هەریەکە لە کۆمپانیای گازپرۆم و سورگوتنەفت گاز و 180 کەشتی و دەیان بازرگان و کۆمپانیای ڕووسی دەخرێنە لیستی سزاکانیان.