بەفر ڕێگەی زینی وەرتێی گرتووە

بەفر، ڕێگەی "زینی وەرتێ"ی گرتووە و داوا لە شۆفێران دەکرێت تاوەکوو ڕامالینی بەفرەکە، ئەو ڕێگە بەکار نەهێنن.
یەکشەممە، 12-01-2025، بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی وەرتێ لە ڕاگەیەندراوێکدا هاووڵاتییانی ئاگادار کردەوە، بەهۆی شەپۆلی بەفر و گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکە، ڕێگەی "زینی وەرتێ" بە تەواوی گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە شۆفێران دەکات، تاوەکوو تیمەکانی پاککردنەوە و ڕاماڵینی بەفر دەگەنە شوێنەکە، بۆ سەلامەتی خۆیان وسەرنشینان، ڕێگەکە بەکار نەهێنن.
ڕێگەی "زینی وەرتێ" هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەرین بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ناحیەی وەرتێ لە ڕووی کارگێڕییەوە سەربە قەزای ڕواندزە، بێجگە لە ناوەندی ناحییەکە، 17 گوند دەکەونە سنوورییەوە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 10 هەزار کەسە.