سەرۆکی جەهەپە: نابێت مەرامی پرۆسەی ئاشتی، ئازادکردنی ئۆجەلان و هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بێت

سەرۆکی جەهەپە پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دووپات دەکاتەوە، بەڵام دەڵێت: نابێت مەرامەکەی ئازادکردنی ئۆجەلان و هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بێت.
ئۆزگەر ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلیی کۆماری (جەهەپە) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستە ڕوو، پشتیوانیی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکەن، بەڵام نابێت مەرامەکەی ئازادکردنی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەڵبژاردنەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بێت بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا.
ئۆزەل دووپاتی کردەوە "پرسی کورد لە تورکیا هەیە، دەبێت بە ڕێگەی دیموکراسی چارە بکرێت و پەرلەمانیش شوێنی چارەسەرە." جەختیشی کردەوە "چارەکردنی پرسی کورد پێویستی بە پرۆسەیەکی شەفاف و ڕاستگۆیانە هەیە. دەمانەوێت ئەو پرسە بە ئاشتیانە چارە بکرێت، بۆ ئەوەی فرمێسکی دایکان کۆتایی پێ بێت و چی دیکە خوێن نەڕژێت."
ئۆزەل، بە پێویستیشی دەزانێت "ئەو پارە و سەروەت و سامانەی کە بۆ شەڕی تیرۆر خەرج دەکرێت، بۆ بەرژەوەندیی میللەت و بۆ کاری باش بەکار بهێنرێت."
سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەر لەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییەدا، لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکای ڕەتکردەوە کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستە گوتبووی: "کورد و تورک چەندان ساڵە دوژمنن و یەکدییان خۆشناوێت."