ئیسپانیا: بۆ سەقامگیریی سووریا هاوکاریی تورکیا دەکەین

داگیرکارییەکانی ئیسرائیل لە سووریا ڕەت دەکەینەوە

خۆسێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا
خۆسێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا

خۆسێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، بەر لە چوونی بۆ سووریا و لوبنان، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی دۆخی سووریا سەقامگیر بێت، لەسەر ئیسپانیا و یەکێتیی ئەورووپا پێویستە هەوڵەکانیان لەگەڵ تورکیا یەک بخەن.

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، بەنیازە ڕۆژانی 15 و 16 کانوونی دووەمی 2025، سەردانی سووریا و لوبنان بکات.

ئەلبارێس گوتیشی: " سەبارەت بە سووریا وڵاتەکەی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە و  پەیوەندییەکانی نێوان مەدرید و ئەنقەرەشی بە ستراتیجیی پلە یەک ناو برد."

ئاماژەی بەوەش دا "ڕۆلی تورکیا لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بایەخێکی گەورەی هەیە، بۆیە ئیسپانیا زۆر سوپاسگوزارە و چەندین جاریش گفتوگۆم لەگەڵ هاکان فیدان کردووە." 

دەشڵێت: "بۆ ئەوەی سووریا سەقامگیر و سەلامەت بێت، لەسەر ئیسپانیا و یەکێتیی ئەوروپا پێویستە هەوڵەکانیان لەگەڵ تورکیا یەک بخەن."

گوتیشی: "ئیدارەی نوێی سووریا تاوەکوو ئیستا هەنگاوەکانیان ئەرێنین، توندوتیژی ناکەن و کۆتاییان بە دیکتاتۆریی هێناوە و زیندانەکانیان چۆڵ کردووە. هەروەها ئیدارەی ئێستا بە بزووتنەوەیەکی سەربازی هەژمار دەکرێت، بەڵام دەبێت ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسیی."

ئەلبارێس گوتیشی: "ئیسپانیا ئارەزوو دەکات هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی سووریا بکات، بۆ ئەوەی گەرەنتی سەلامەتیی خاک و سەروەرییەکەی بکات، چونکە هاووڵاتیانی سووریا لە دەیەی ڕابردوودا زۆر بەدەست نەبوونی پێداویستییەوە گیرۆدە بوون."

وەزیرەکەی ئیسپانیا جەختی لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەتان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە سووریا کردەوە و هیوای خواست قۆناغێکی ئاشتیانە بێتە کایەوە.

ئاماژەی بەوەش دا "لە حاڵەتی ڕوودانی ئەم گۆڕانکارییانەدا، ئیسپانیا هەمیشە لە پاڵ سووریا و گەلی سووریا دەوەستێت و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا."

سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا کە لە سەردەمی ڕژێمی ئەسەد دا بەسەریدا سەپێنراوە، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ڕوونی کردەوە "سەپاندنی سزاکان بەسەر ڕژێمی ئەسەد لە سووریا بۆ مەبەست و ئامانجی دیاریکراو بووە."

بە گوتەی ئەلبارێس "هەڵوێستی ئیسپانیا ئەوەیە کە پێویستە پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسە نوێیەکانی سووریا دروست بکرێت و دیالۆگیان لەگەڵ بکرێت، سەردانەکەی بۆ دیمەشقیش لەم چوارچێوەیەدا دێت، هەروەها ئیسپانیا دەیەوێت تێڕوانینی خۆی بۆ داهاتووی سووریا بە بەرپرسانی سووریا بگەیەنێت."

وەزیرەکەی ئیسپانیا، جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەرییەکەی هەمیشە شتێکی گرنگە و ئیسپانیا بەرگریی لێ دەکات."

هەروەها دەستێوەردانی دەرەکی لە سووریا ڕەت کردەوە و گوتی: "ئەمە بۆ سووریا و بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلی ئیسرائیل باش نییە."