حکوومەتی فیدراڵ خۆی لە بەرپرسیاریەتییە دەستوورییەکانی دەدزێتەوە

"حکوومەتی هەرێم کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک"

درەنگانی شەوی یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی مادەی 140 دەستووری عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ڕیفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بکرێت و حکوومەتی فیدراڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.

دەشڵێت: "چ پێش ئەم ڕێککەوتە، چ لەو 20 ساڵەی ڕابردوودا، سەرجەم حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە."

بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی مادەی 140، داواکاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەکات.

هەر بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115ـی دەستوری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی ڕەها و تاک لایەنە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوە ببات.

هەروەها مادەی 112، ئاماژە دەدات حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوە ببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکوک و لە ناوچەکانی دەوروبەی هەن.

هەروەها بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) ڕێک بکەوێت.

لای خۆیەوە حکوومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشدار بێت بۆ ئەم ڕێککەوتنانە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریەکانی خۆی دزیوەتەوە و ئێستا حکوومەتی فیدراڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت وگاز مۆر بکات، بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بەگشتیی و بەتایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لە بەرچاو بگرێت.

ڕاشیگەیاند، حکوومەتی هەرێم بە مافی دەستووری خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێ، بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافەدەستوریەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک.